گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

پارتی و یەکگرتوو: ڕێككەوتنەكه‌ی هەرێم و بەغدا هەڵنەوەشاوەتەوە

2021.03.27 - 14:45
App store icon Play store icon Play store icon
پارتی و یەکگرتوو: ڕێككەوتنەكه‌ی هەرێم و بەغدا هەڵنەوەشاوەتەوە

ناس کورد-

هەردوو فراکسیۆنی پارتی و یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق بە جیا جەخت دەکەنەوە کە ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا هەڵنەوەشاوەتەوە و کۆتایی نەهاتووە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڤیان سەبری، سەرۆکى فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرمیی حزبەکەى کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (27ی ئازاری 2021) دەڵێت، "ئێمە وەكو كورد خۆمان بۆ كۆبوونەوەی سبه‌ی پەرلەمان ئامادە كردووە و تا ئێستا رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغداش وەكو خۆی ماوە و ھیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەھاتووە، جارێش دیار نییە كە باس لەوە دەكرێت لایەنی بەغدا لە رێككەوتنەكە پەشیمان بوونەتەوە".

 

ڕوونیشی كردەوە، "گفتوگۆكان بەردەوام دەبن، بۆ ئەوەی بتواندرێت پڕۆژەیاسای بودجە تێپەڕێندرێت و ئێمەش ھەوڵ دەدەین لە بەرژەوەندیی كورد بودجە یەكلا بكرێتەوە".

 

بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، 28ی ئازاری 2021، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجەى ساڵی 2021.

 

هاوکات موسەنا ئەمین، سەرۆکى فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، "باوەڕناکەم ڕێککەوتنی هەرێم و لایەنە شیعیەکان هەڵوەشابێتەوە بەڵام ئەم ڕێککەوتنە سوودی بۆ خەڵک نییە."

 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، ئەمڕۆ لیژنەی دارایی سێ کۆبوونەوەی گرنگ ئەنجامدەدات و ئەو کۆبوونەوانەش وادەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر بودجە دیاری دەکات.  

  

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (27ی ئازاری 2021) وتی، "ئێمە ئاگاداری هاتنەوەی شاندی هەرێم نین بۆ بەغدا تاوەکو بزانین چییان کردووە، بەڵام بۆ کۆبوونەوەکەی سبەینێ پەرلەمانی عێراق کە تایبەتە بە دەنگدان لەسەر بودجەی 2021ی عێراق دەکەوێتە سەر کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی چونکە ئەمڕۆ سێ کۆبوونەوەی گرنگ دەکرێت".  

  

باسی لەوەشکرد، کۆبوونەوەکان لەلایەن لیژنەی داراییەوە دەکرێت لەگەڵ وەزیری نەوت، وەزیری دارایی، وەزیری پلاندانان و وەزیری بازرگانی و لە کۆبوونەوەکەش باسی هەموو کێشەو گرفتەکانی بودجە دەکرێت.  

  

هاوکات بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکى پەرلەمان کە خۆی سەرپەرشتی کۆبوونەوەکان دەکات بە میدیای حزبەکەى وتووە، ''چاوەڕوان دەکرێت بڕیاری یەکلاکەرەوە لەو کۆبوونەوە بدرێت''.  

  

هەروەها شیروان میرزا لەبارەی ڕێککەوتنەکانی هەرێم و بەغدا ڕایگەیاند، "لیژنەی دارایی دەنگی لەسەر ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا داوەو ئەگەر پەشیمان بوونەوە هەبێت ئێمە وەکو لیژنەی دارایی قسەی خۆمان دەبێت، چونکە ئێمە دەمانەوێت بگەنە ڕێککەوتن".  

  

لەسەر پرسی گۆڕانکاری لە نرخی دۆلار بەرانبەر دینار، ئایا لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی قسەی لەسەر دەکرێت، شیروان میرزا وتی، "دەکەوێتەسەر کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ بزانین بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی ئامادەی کۆبوونەوەکان دەبیت یاخود نا".