گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزیرەکاندا لەبارەى بودجە کۆدەبێتەوە

2021.03.27 - 10:45
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزیرەکاندا لەبارەى بودجە کۆدەبێتەوە

ناس کورد-

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ چەند وەزیرێکی پەیوەندیداری حکومەتتدا کۆدەبێتەوە بە مەبەستی یەکلایی کردنەوەى بڕگە ناکۆکەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 تاوەکو وەشاندنی کۆتایی بودجەکە ئامادە بکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد، لیژنەکە لەگەڵ وەزیرانی دارایی، نەوت، پلاندانان، کارەبا، بازرگانی، ئاوەدانکردنەوە، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و سەرۆکى ئەنجومەنی ڕاژە کۆدەبێتەوە.

 

دوێنێ جارێکی تر دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق کە بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجامبدرێت، دواخرا بۆ سبەینێ یەکشەممە (28ی ئازاری 2021).

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق (هەینی 26ی ئازاری 2021) ڕایگەیاند، "لەڕوانگەی پێویستی بەردەوامی گفتوگۆکان بۆ داڕشتنی کۆتایی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021، دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە بۆ کاتژمێر 3:00ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە 28ی ئازار دواخرا."

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی بەردەوامی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پڕۆژەکە بڕیاری دواخستنی درا.

 

پێشتر جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "بەهۆی بەردەوامی ناکۆکییەکان لەسەر پڕۆژەکە بەدووری دەزانم ئەمڕۆ دانیشتنەکە ئەنجامبدرێت و پێدەچێت جارێکیتر دانیشتنەکە دوابخرێت."

 

جەمال کۆچەر دەڵێت، "دوور نییە ئەمساڵ عێراق بودجەی هەر نەبێت، چونکە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بودجە وەک کارتێکی سیاسی بەکاردەهێنن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و کێشەی بۆ دروست دەکەن، بۆ نمونە داوای دابەزاندنی نرخی دۆلار دەکەن کە ئەوە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "یەکێکی دیکە لە کێشەکان پشکی هەرێمە، هەروەها داواکردن بە چارەسەرکردنی پرسی پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە پێش ئەوەی بودجە تێپەڕێندرێت."

 

باسی لەوەشکرد، "بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان دژی مستەفا کازمین و نایانەوێت بە پەسەندکردنی بودجە 130 ترلیۆن دینار بخەنە بەردەستی حکومەتەکەی کازمی و دەیانەوێت حکومەتەکەی شکستپێبهێنن، بەڵام حکومەتێک 130 ترلیۆن دیناری لەبەردەستبێت شکستهێنانی قورسە."