گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’بێ مەبەست بوو’’

لە ئوردن ئاڵای عێراقی سەردەمی سەدام هەڵکرا و دواتر بە فەرمی ڕوونکردنەوە درا

2021.03.27 - 09:45
App store icon Play store icon Play store icon
لە ئوردن ئاڵای عێراقی سەردەمی سەدام هەڵکرا و دواتر بە فەرمی ڕوونکردنەوە درا

ناس کورد-

ئوردن بە فەرمی داوای لێبوردنی لە عێراق کرد لە بەرامبەر هەڵکردنی ئاڵای عێراقی سەردەمی سەدام حسێن لە میانەی واژووکردنی ڕێککەوتننامەیەک لە عەمانی پایتەخت و جەخت دەکاتەوە کە "هەڵەیەکی بێ مەبەست بووە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕۆژی چوارشەممە، شاندی حکومیی عێراق و میسر و ئوردن لە عەمانی پایتەخت کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردنی هەماهەنگی هاوبەش و تایبەتی ئابوریی ئەو سێ وڵاتە.

 

لەکاتی کۆبوونەوەى وەزیرانی کشتوکاڵی عێراق و ئوردن، ئاڵای سەردەمی سەدام حسێن دانرابوو کە وشەی "الله أکبر" بە خەتی سەدام، هەروەها سێ ئەستێرەکەشی تێدایە، بەڵام هەرزوو ئاڵاکە لابرا و ئاڵای نوێی عێراق دانرا.

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی دەستی "ناس کورد" کەوتووە، وەزارەتی کشتوکاڵی ئوردن داوای لێبوردنی کرد و ڕایگەیاند، "ئەوە هەڵەیەکی پرۆتۆکۆلییە"، ئەوەش دوای ئەوەى محەمەد خەفاجی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق داوای ڕوونکردنەوەى کرد لەو هەڵەیە.

 

محەمەد خەفاجی لە داواکەیدا دەڵێت، "سەرمان سوڕما لە دانانی ئاڵای پێشووی عێراق لە کاتی بینینی خالد حنیفات، وەزیری کشتوکاڵی ئوردن."

 

دەشڵێت، "بۆیە ڕەتمان کردەوە گرێبەستەکان واژۆ بکەین تاوەکو ئاڵاکە لانەبرێت."

 

ڕاگەیەنراوەکەى وەزارەتی کشتوکاڵی ئوردن دەشڵێت، "ئەوە هەڵەیەکی بێ مەبەست بووە، ئوردن ڕێز لە بژاردەى گەلی عێراقی برا دەگرێت و پشتگیری دەکات لەپێناو عێراقێکی بەهێز و گەشەسەندوو."

 

عێراق دوای پێنج ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی سەدام و لە ساڵی 2008دا ئاڵاکەى گۆڕی، سێ ئەستێرەکەى لابرد و خەتی نوسینی وشەى "الله أکبر"ی گۆڕی کە پێشتر بە دەستوخەتی سەدام نوسرابوو، بەڵام لەئێستادا بە خەتی کوفی نوسراوە.

 

پێشتر و لە ساڵی 2019دا ئوردن توشی هەمان حاڵەت بوویەوە کاتێک ئاڵای هەرێمی کوردستانی دانا لە سەردانی مەسعود بارزانی و دواتی داوای لێبوردنی کرد و وتی کە "هەڵەیەکی پرۆتۆکۆلی" بووە.