گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان بۆچوونی جیاوازییان لەسەر کردنەوەی قوتابخانەکان هەیە

2021.03.26 - 22:52
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان بۆچوونی جیاوازییان لەسەر کردنەوەی قوتابخانەکان هەیە

ناس کورد-

جێگری لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، لیژنەکەیان لەسەر چارەنوسی پرۆسەی خوێندن بۆچوونی جیاوازییان هەیە و ڕاشیگەیاند، کۆتایی هێنان بە پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ و ئەژمارکردنی نمرەکانی یەک وەرز بۆ هەموو ساڵەکە فەرمی نییە و هێشتا زووە بڕیارێکی لەوشێوەیە بدرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دوای درێژکردنەوەی ماوەی داخستنی قوتابخانەکان تا 8ی مانگی داهاتوو، لەئێستادا دیارنییە پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان چی لێدێت.

 

موسلیم عەبدوڵا قەسرێ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان (هەینی 26ی ئازاری 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "وەک لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی کوردستان بۆچوونی ئەندامانی لیژنەکە لەسەر پرۆسەی خوێندن هاوتا نییە و بەشێک پێیانوایە پێویستە ناوەندەکانی خوێندن دابخرێن و بەشێکیشمان پێمانوایە ناکرێت لەوە زیاتر خوێندن دوابخرێت."

 

 

سەبارەت بەدەنگۆی ئەوەی کە وەزارەتی پەروەردە پلانی هەبێت کە نمرەی وەرزێکی قوتابیان ئەژمار بکات بۆ هەموو ساڵەکە و پرۆسەی خوێندن کۆتایی پێبهێنرێت، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە ئاماژەی بەوەکرد، "ئەوە فەرمی نییە و تائێستا باس لە پلانێکی لەوشێوەیە نەکراوە."

 

ڕوونیشیکردەوە، "هێشتا زووە بڕیارێکی لەوشێوەیە بدرێت و ئەگەر لەوە زیاتر دوانەخرێت، هێشتا کات ماوە بۆ خوێندن وەرز دووەم و تەواوکردنی ساڵی خوێندن."

 

موسلیم عەبدوڵا باسی لەوەشکرد، "هێندە داخستنی دەرگای قوتابخانەکان خوێندکارانی لە خوێندن سارد کردووەتەوە و کاریگەری خراپی هەبووە لەسەر ئاستی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان و ناکرێت لەوە زیاتر خوێندن دوابخرێت."

 

جەختیشیکردەوە، "ئێمەش خەمی مامۆستا و قوتابیانمانە، بەڵام ناوەندەکانی خوێندن تاکە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا نین و زۆر شوێنی دیکەش هەن بۆ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و بەڵام بە کراوەیی ماونەتەوە."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "پێموایە پێویستە دەرگای قوتابخانەکان بکرێنەوە و حکومەت ڕێکارەکانی خۆپاراستن لە قوتابخانەکان و بە گشتییش لە کۆمەڵگە توندتر بکاتەوە."