ناس کورد-
بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان هەواڵی برینداربوونی بوک و زاوایەک لە ڕۆژی ئاهەنگی گواستنەوەدا بە ڕووداوی هاتوچۆ ڕەتدەکاتەوە و ڕایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلە نە بوک و نە زاوای تێدا نەبووە و تیایدا ژنێکی بەتەمەن و منداڵێکی ساوا برینداربوون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 26ی ئازاری 2021، وێنەی رووداوێکی هاتوچۆ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و بەشێکی زۆر لە میدیاکان بڵاوکرایەوە کە گوایە "بوک و زاوایەک تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوون و بە بێهۆشی گەیەنراونەتە نەخۆشخانە. "
لەوبارەیەوە ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان بە "ناس کورد"ی وت، " ئەو هەواڵە دورە لە ڕاستییەوە و ڕووداوەکە کاتێک ڕوویداوە کە بۆ مارەبڕینی کچێک ماڵی زاوا لە گوندی هامەڵتۆنەوە چونەتە گوندێکی تر و لەکاتی گەڕانەوەیان ئەو ڕووداوە ڕویداوە، بەڵام بوک و زاواکە لەو ئۆتۆمبێلەدا نەبوو و سەلامەتن."
ڕوونیشیکردەوە، "ئەو کچ و کوڕە ڕۆژی ئاهەنگی گواستنەوەیان نەبووە، بەڵکو تەنها مارەکردن بووە و کەسیشیان لە ئۆتۆمبێلەکەدا نەبوون ئێستا هەریەکەیان لە ماڵی خۆیانن."
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ڕووداوەکەدا ژنێکی بەتەمەن و مناڵێکی ساوا برینداربوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی چۆمان و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە و باری تەندروستییان جێگیرە ."