گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

نوێترین زانیاریی لەبارەی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان و گەڕانەوەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا

2021.03.26 - 17:26
App store icon Play store icon Play store icon
نوێترین زانیاریی لەبارەی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان و گەڕانەوەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا

ناس کورد-

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پێدەچێت جارێکیتر دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دوابخرێت و وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش دەڵێت، ئەگەر دانیشتنەکە بەڕێوەبچێت و پێویست بکات سبەینێ دەگەڕێنەوە بەغدا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بڕیارە سبەینێ شەممە 27ی ئازاری 2021 دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق بەڕێوەبچێت.

 

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "بەهۆی بەردەوامی ناکۆکییەکان لەسەر پڕۆژەکە بەدووری دەزانم سبەینێ دانیشتنەکە ئەنجامبدرێت و پێدەچێت جارێکیتر دانیشتنەکە دوابخرێت."

 

هاوکات لەبارەی چوونەوەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە "ناس کورد"ی وت، "ئەگەر دانیشتنەکە ئەنجامبدرێت و پێویست بکات، شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی ئامادەیە بگەڕێتەوە بەغدا و درێژی بە گفتوگۆکان بدات بۆ ڕێککەوتن لەسەر پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجە."

 

جەختیشیکردەوە، "شاندی باڵای حکومەتی هەرێم ئامادەیە بچێتەوە بەغدا بۆ جێگیرکردنی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجە لەچوارچێوەی ئەو دوو پێشنیازەی کراوە و ڕێککەوتنی لەسەر کراوە کە یەکێکیان هی حکومەتە و ئەوی دیکەیان هی لایەنە سیاسییەکانە."

 

جەمال کۆچەر دەڵێت، "دوور نییە ئەمساڵ عێراق بودجەی هەر نەبێت، چونکە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بودجە وەک کارتێکی سیاسی بەکاردەهێنن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و کێشەی بۆ دروست دەکەن، بۆ نمونە داوای دابەزاندنی نرخی دۆلار دەکەن کە ئەوە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "یەکێکی دیکە لە کێشەکان پشکی هەرێمە، هەروەها داواکردن بە چارەسەرکردنی پرسی پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە پێش ئەوەی بودجە تێپەڕێندرێت."

 

باسی لەوەشکرد، "بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان دژی مستەفا کازمین و نایانەوێت بە پەسەندکردنی بودجە 130 ترلیۆن دینار بخەنە بەردەستی حکومەتەکەی کازمی و دەیانەوێت حکومەتەکەی شکستپێبهێنن، بەڵام حکومەتێک 130 ترلیۆن دیناری لەبەردەستبێت شکستهێنانی قورسە."