گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

بایدن: بیری ترەمپ دەکەم

2021.03.26 - 15:37
App store icon Play store icon Play store icon
بایدن: بیری ترەمپ دەکەم

ناس کورد-

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پلانی هەیە تا 100 رۆژی دیكه‌ 200 ملیۆن هاووڵاتی ئەمەریکی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا وەربگرن، ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکات لەساڵی 2024دا دووبارە خۆی هەڵبژێرێتەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە، وەک گاڵتەپێکردنیش بە دۆناڵد ترەمپ وتی"نازانم ئەوکاتە کێ ڕکابەری کۆمارییەکانی دەبێت، ئای خوایە، بیری دەکەم".

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کەناڵی (سی. ئێن. ئێن)ی ئەمەریکی (26ی ئازاری 2021) لەهەواڵێکیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە بایدن، لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا وتویەتی "ئامانجمان ئەوەیە 200 ملیۆن هاووڵاتی ئەمەریکی بە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە ماوەی 100 ڕۆژدا بکوتین".

 

بایدن ئاماژەی بەوەشکرد کە لەپلاندایە دووبارە بەشداریى لە کێبڕکێکانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لەساڵى 2024 بكاتەوە، ئەوەی وتووە "بەنیازم خۆم بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کاندید بکەمە، بەڵام نازانم ئەو کاتە کێ ڕکابەری کۆمارییەکانی دەبێت" وەک گاڵتەجاڕییەک بەدۆناڵد ترەمپ وتوویەتی "ئای خوایە، بیری دەکەم".

 

جۆ بایدن باسی له‌وه‌شكرد"دوای تێپه‌ڕبوونی قه‌یرانی کۆرۆنا تیشک ده‌خه‌ینه‌ سەر ئه‌و كێشه‌ درێژخایەنانه‌ی كه‌ دوچاری وڵاتەکەمان بوه‌ته‌وه‌ وه‌ك پرسی کۆچكردن و کۆنترۆڵکردنی چەک له‌ وڵاتـدا".

 

له‌باره‌ی کشانەوەی ھێزەکانی ئه‌مەریكا لە ئەفغانستان بایدن رایگه‌یاند، "ئەمساڵ ئەستەمە ئه‌و هێزانه‌ له‌ ئه‌فغانستان بكشێنینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مەریكا نیازی نییە بۆ ماوەیەکی درێژ لەو وڵاتە بمێنێته‌وە".

 

لەبارەی زیادبونی لێشاوی کۆچبەران لەسەر سنوریی باشوری وڵاتەکەی، بایدن  وتی " هیچ قەیرانێک دروست نەبووە، بەڵکو زیادبونی ژمارەی کۆچبەران، تەنها کێشەیەکی وەرزییە و هەموو ساڵێک روودەدات".

 

سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی دۆسیەی چینەوە وتی" ئامانجی چین بۆ بوون بە دەوڵەمەندترین و بەهێزترین وڵاتی جیهان، لە ژێر چاودێریی مندا بەدی نایەت".

 

بایدن ئاماژەی بەوەکردووە کە بە سەرۆکی چینی وتووە، هیچ سەرۆکێکی ئەمەریکا پشتی لە بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ نەکردوە تەنها یەکێکیان نەبێت، کە مەبەستم  لێی دۆناڵد ترەمپ بووە.

 

دوای 64 رۆژ لە دەستبەکاربونی لە کۆشکی سپی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، دوێنێ( پێنجشەممە 25ی ئازاری 2021)  یەکەمین کۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.