گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

تەندروستى سلێمانى تۆمارکردنى چوار جۆرى گۆڕاوى کۆرۆناى راگەیاند

2021.03.26 - 12:58
App store icon Play store icon Play store icon
تەندروستى سلێمانى تۆمارکردنى چوار جۆرى گۆڕاوى کۆرۆناى راگەیاند

ناس کورد-

بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى تۆمارکردنى چوار جۆرى گۆڕاوى کۆرۆناى لەشارى سلێمانى راگەیاند.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

د.سەباح هەورامى، بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى (26ى ئازارى 2021) لە راگەیەندراوێکدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە رایگەیاند "لە شاری سلێمانی چوار جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار كراوە".

 

وتیشى "لە مانگی تشرینی دوەمی ساڵی رابردوەوە ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو لە شاری سلێمانی تۆمار كراوە".

 

لێدوانەکەى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى لە کاتێکدایە کە سامان به‌رزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان (26ى ئازارى 2021) لەمیانەى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا کە "ناس کورد" بینویەتی ڕایگەیاند "ئاماری توشبوون به‌ راده‌یه‌كی به‌رچاوهه‌ڵكشاوه‌، ئاماره‌كان مه‌ترسیدارن، رێژه‌ی مردن به‌رزبووه‌ته‌وە، له‌ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 750 كه‌سی دیكه‌ لە هەرێم توشی كۆرۆنا بوون وپێنج توشبووش گیانیانله‌ده‌ستداوه‌". 

 

 

سامان بەرزنجی، داواشی لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان کرد هاوکاریی کەرتی تەندروستی گشتی بکەن لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایە وتەخت بۆ چارەسەرکردنی توشبووانی نەخۆشییەکە فەراهەم بکەن بە تایبەتی دوای زۆربوونی فشارەکان لەسەر نەخۆشخانە حکومییەکان.   

 

له‌باره‌ی ڤاکسینی كۆرۆناوه‌، سامان به‌رزنجی وتی"بڕێکی دیکە لەڤاکسینی ئاسترازینیکا گەیشتۆتە هەرێمی کوردستان وبەپێی سیستمێکی ئەلیکترۆنی دابەشى دەکەن، ئه‌گه‌ر فه‌رمانی به‌كارهێنانی ده‌ربچێت، له‌ سبه‌ینیەوە‌ ده‌ست ده‌كرێت به‌ دابه‌شكردنی". 

 

روونیشیكرده‌وه‌ "وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌ سیستمێكی ئه‌لیكترۆنی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات، كه‌ پێویستیان به‌ وه‌رگرتنی ڤاکسینەکە هه‌یه‌،تیمه‌كانی ته‌ندروستی، پێشمه‌رگه‌ وهێزەکانی ناوخۆ و تووشبووانی نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا ڤاکسینەکەیان پێ ده‌درێت". 

 

وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو "ژمارەی توشبوون بەکۆرۆنا زۆر زیاترە لەوەی رادەگەیەنرێت، لیژنەی باڵای کۆرۆنا هەفتەی داهاتوو کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی لەم ماوەیەدا داتایەکی وردتر لەبارەی ژمارەی توشبووان دەستەبەر بکات".