کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
قوباد تاڵەبانى ڕایگەیاند، خەڵکی کورد لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەكانی تر لە دۆخێکی یەکجار خراپ و دژواردا دەژین و هەست بە ئاسایش و ئارامی ناکەن، کەچی هەموو شەڕەكە لە دانانی پارێزگارێك و كێشەی كاندیدی ئەم پۆستەدا چڕ كراوەتەوە.
قوباد تاڵەبانى لە پەیامێکى بەبۆنەى جەژنی ڕەمەزان ڕایگەیاند، "داوا لە سەرکردایەتی یەكێتی و پارتی دەكەم ئەم جەژنە کە بۆنەیەكی گەورەی لێبوردەیی و گەردن ئازادییە وەک دەرفەتێكیتری خێراو نوێ بڕەخسێنن بۆ پێكهاتن و تێپەڕاندنی تارمایی لێكترازان."
دەشڵێت، "جەژن دەرفەتێكی زێڕینە بۆ لێبوردەیی و بەرقەراركردنی ئاشتی كۆمەڵایەتی، بەڵام بەداخەوە پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی بە ئاراستەیەك دەڕۆن خەریكە خۆشی و شادی جەژن لە گەلەكەمان تێكبدەن و نەهێڵن وەك جاران تامی بكات."
ڕاشیگەیاند، "خەڵكی ئێمە وەڕەس بوون لە ململانێ، بێزارن لە شەڕە قسە و پاڵەوانبازی، یەکێتی و پارتی و حیزبە كوردییەكانیتر شەڕ و ئاشتی، ناكۆكی و كاری پێكەوەییان وەك یەك ئەزموون كردووە، ئیتر دوای ئەم هەموو ساڵە دەبێت لەوە تێگەیشتبێتین كە هێز لە پێكهاتندایە نەک لەشەڕە لێدوان و قوڵکردنی زیاتری ناکۆکییەکان."
.ر
دەقی پەیامەکەى قوباد تاڵەبانى:
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان...
هاتنی جەژنی ڕەمەزان لە هەموو لایەك پیرۆز بێت، جەژن دەرفەتێكی زێڕینە بۆ لێبوردەیی و بەرقەراركردنی ئاشتی كۆمەڵایەتی، بەڵام بەداخەوە پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی بە ئاراستەیەك دەڕۆن خەریكە خۆشی و شادی جەژن لە گەلەكەمان تێكبدەن و نەهێڵن وەك جاران تامی بكات.
خەڵكی ئێمە وەڕەس بوون لە ململانێ، بێزارن لە شەڕە قسە و پاڵەوانبازی، یەکێتی و پارتی و حیزبە كوردییەكانیتر شەڕ و ئاشتی، ناكۆكی و كاری پێكەوەییان وەك یەك ئەزموون كردووە، ئیتر دوای ئەم هەموو ساڵە دەبێت لەوە تێگەیشتبێتین كە هێز لە پێكهاتندایە نەک لەشەڕە لێدوان و قوڵکردنی زیاتری ناکۆکییەکان.
خەڵکی کورد لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەكانیتر لە دۆخێکی یەکجار خراپ و دژواردا دەژین و هەست بە ئاسایش و ئارامی ناکەن، رۆژانە هەراسان دەكرێن و بەرەنگاری توندڕەوی و حوكمی چەك دەبنەوە، کەچی هەموو شەڕەكە لە دانانی پارێزگارێك و كێشەی كاندیدی ئەم پۆستەدا چڕ كراوەتەوە كە بەشێكی بچووكە لە كێشە كەڵەكەبووەكانی ئەو ناوچانە بە درێژایی تەمەنی دەوڵەتی عێراق.
لە سۆنگەی هەست كردنم بە مەترسییەكانی ئەم دۆخە و وەك بەجێهێنانی ئەركی خۆم داوا لە سەرکردایەتی یەكێتی و پارتی دەكەم ئەم جەژنە کە بۆنەیەكی گەورەی لێبوردەیی و گەردن ئازادییە وەک دەرفەتێكیتری خێراو نوێ بڕەخسێنن بۆ پێكهاتن و تێپەڕاندنی تارمایی لێكترازان.
دووبارە جەژن پیرۆز بێت و خۆشی و شادی هەمیشە میوانی ماڵەكانتان بێت.
#ئاشتەوایی
#عيد_الفطر
#Eid_Mubarak