گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تۆمەتى گەندەڵى

لیژنەکەى کازمى ’’نزیکبووەتەوە لەدەستگیرکردنى 12 سەرکردەى گروپەکان’’

2021.03.25 - 14:22
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەکەى کازمى ’’نزیکبووەتەوە لەدەستگیرکردنى 12 سەرکردەى گروپەکان’’

ناس کورد-

 

ڕۆژنامەیەکى عێراقى ئەو فشارانەى ئاشکراکرد کە لەسەر کارەکانى لیژنەى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى دروستکراون، دواى ئەوەى لیژنەکە نزیکبووەتەوە لە دەستگیرکردنى سەرکردە دیارەکانى گروپە چەکدارەکان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لیژنەکە کۆتایی ئابى رابردوو لەلایەن مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانەوە پێکهێنرا بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانى گەندەڵى بەسەرۆکایەتى فەریق ئەحمەد ئەبو رەغیف، دەزگاى دژە تیرۆریش راسپێردرا بڕیارەکانى لیژنەکە جێبەجێ بکات.

 

رۆژنامەى(المدى) عێراقى لە راپۆرتێکدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە (25ى ئادارى 2021) ئاماژەى بەوەکردووە، کوتلە شیعییە دەسەڵاتدارەکان فشاریان لەحکومەت کردووە کارەکانى لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى سنورداربکات، دواى ئەوەى لیژنەکە نزیکبووەتەوە لە دەستگیرکردنى نزیکەى 12 کەسى دەسەڵاتدارى تۆمەتبار بە تیرۆرکردن و قاچاخى دراو، بۆ دورخستنەوەى مەترسی پێکدادانى چەکدارى لەگەڵ حکومەت.

 

سەرچاوەیەکى حکومى ئاگادار بە رۆژنامەکەى وتووە، ئاڕاستەیەک هەیە لەلاى هەندێ لایەنە سیاسیە شیعەکان بەرەو ئارامکردنەوەى دۆخى ناوخۆ، پێش ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە بۆ ئەوەى دووچارى پێکدادان و چەند کێشەیەک نەبنەوە کە زیانی جەماوەریان پێ بگەیەنێت.

 

سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، ئەو ئاڕاستەیە دواى ئەوە سەریهەڵداوە ئەو لایەنانە پۆستى باڵایان لەحکومەتدا هەیە بۆیاندەرکەوتووە کە لیژنەى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى حکومیى کە لەلایەن ئەبو ڕەغیفەوە سەرپەرشتى دەکرێت، لیستێکى ئامادە کردووە بۆ دەستگیرکردنى ئەوانەى بەگەندەڵى تێوە گلاون و ئەوەش دۆخێکى نالەبار و پێکدادان لەشەقامدا دروستدەکات.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، ئەو لایەنە شیعانە لەگەڵ مستەفا کازمى سەرۆک وەزیراندا ڕێکەوتوون لەسەر دواخستنى دۆسیەى ئەو تۆمەتبارکراوانە بەگەندەڵى بۆ کاتێکى تر و ئەوانەشى کە ئێستا دەستگیرکراون چارەنوسیان بدرێتە دەستى بڕیارەکانى دادگا کە ئازادیان دەکات یاخود لەزینداندا دەیانهێڵێتەوە.

 

سەرچاوەکە ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، ترسى لایەنە شیعەکان زیاتر بووە بەهۆى ئەوەى لەوە دڵنیابوون کە لیژنەکە ناوى 7 گەورە بەرپرسى گروپە چەکدارەکانى نزیک بەو لایەنانە خستووەتە لیستى پێشەوە بۆ ئەوەى دەستگیر بکرێن و هەروەها 5 کەسایەتى ناودارى ترى شیعەکان کە لەدواى ئەوانەوە دێن لەو لیستەدان بۆ دەستگیرکردن.

 

بەوتەى ئەو سەرچاوەیە، زۆربەى داواکراوەکان ئەوانەن کە تۆمەتبارن بەکارى کوشتن و قاچاخچێتى و سپى کردنەوەى پارە و چەندین کردەوەى ترى نایاسایى و ژمارەیەک لەپەرلەمانتارانى ئەم خولە و خولەکانى پێشوو و بەرپرسى باڵاى حکومیشیان تێدایە و ژمارەیەکیشیان بەبڕیارێک بۆیان نیە بەشدارى پڕۆسەى هەڵبژاردنى داهاتوو بکەن.