گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

جێگری سۆمۆ بۆ کورد

پەرلەمانتارێکى شیعە: دوو پێشنیازمان هەیە بۆ ڕێککەوتن بەڵام هەرێم پابەند نابێت

2021.03.24 - 13:32
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارێکى شیعە: دوو پێشنیازمان هەیە بۆ ڕێککەوتن بەڵام هەرێم پابەند نابێت

ناس کورد-
ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، دوو پێشنیازیان خستووەتەڕوو بۆ چارەسەرى بنچینەیی کێشەکان بەڵام هەرێم پابەند نابێت و ئەوەى دەیبینن پێچەوانەیە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

یوسف کلابی، پەرلەمانتارى سەربەخۆى شیعەکان لە مێزگردێکى ئەلیکترۆنى لە کڵەب هاوس کە "ناس کورد" تێیدا ئامادەبوو (24ى ئازارى 2021) ئاشکرایکرد، پێشنیازى یەکەمیان پەنابردن بووە بۆ دەستور، لەرێگەى دامەزراندنى کۆمپانیاى کوردستان بۆ نەوت لە چوارچێوەى کۆمپانیاى سۆمۆ.

 

ڕوونیشیکردەوە، بەپێی پێشنیازەکە جێگرى بەڕێوەبەى گشت سۆمۆ لە کورد دەبێت و دۆسیەى نەوت بە هاوبەشى دەبێت، بەپێی ماددەى 112 ى دەستور و هەردوولا نەوت بەرهەمبهێنن و ئاگادارى یەکترى بن و ئیتر ئەم دوو بەرەییە نەمێێت.

 

بەوتەى کلابی، پێشنیازى دووەم تایبەتە بە چارەسەرى دەوازە سنورییەکان لەبەرئەوەى سیادیین و لەڕێگەیەوە کاڵا هاوردەى هەموو عێراق دەکرێت، بەڵام بەهۆى هاوردەکردنى کاڵاى کوالێتى نزمەوە بازرگانانى ناوەڕاست و باشور سکاڵا دەکەن کە شمەکى ئەوان بازاڕى نییە.

 

دەشڵێت، "پێشوازیان لە لێدوانەکەى مەسرور بارزانى کردووە کە وتویەتى دەیانەوێت کێشەکان لەگەڵ بەغدا سفر بکەنەوە، بەڵام ئەوەى لەواقیعدا دەیبینن پێچەوانەیە".

 

ئەو پەرلەمانتارە جەختیشی کردەوە، ئەوەى ئەوان دەیانەوێت لە بودجە دژایەتى هەرێم نییە، تەنها مەسەلەى دادگەریی و ڕەچاوگرتنى ڕێژەى مەحرومى پارێزگاکانى باشور و هاوتاکردنیانە لەگەڵ ئەو بەرەپێشچوونەوەى لەهەرێم هەیە.

 

بڕیاربوو شەوى هەینى پڕۆژەى بودجە لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام تێپەڕاندنى دواخرا بۆ رۆژى شەممە، دواتر ئەو وادەیەش دواخرا.

 

پێش دواخستنى دانیشتنەکە، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ڕێککەوتنى نێوان شاندى هەرێم و لایەنە شیعییەکانى پەسەندکرد، کە تایبەتە بە رادەستکردنى 460 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان.

 

سەمیر هەورامى وتەبێژى قوباد تاڵەبانى دوێنێ سێشەممە، 23 ئازارى 2021، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەى "سەباح"ى فەرمى عێراق کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوەکردووە، ئەو دەقە نوێیەى کە لە چوارچێوەى پڕۆژەى بودجەدا لەسەرى ڕێککەوتوون دوو پێشنیاز لەخۆ دەگرێت.

 

وتیشى، "هەرێم ئامادەیە یەکێک لەو دوو پێشنیازە جێبەجێ بکات کە رێککەوتنى لەسەر کراوە".

 

سەمیر هەورامى ئاماژەى بەوەشکردووە، شاندى هەرێم لەچەند رۆژى داهاتوودا دەگەڕێتەوە بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستانەکان و جێبەجێکردنى ئەوەى ڕێککەوتنى لەسەرکراوە، رێککەوتنەکەى لەگەڵ حکومەتى عێراق کە خراوەتە ناو پڕۆژەکەوە یان ئەو ڕێککەوتنەى لەگەڵ بەشێک لە کوتلە سیاسییەکان کراوە لەبارەى پشکى هەرێم.

 

جەختیشیکردەوە، حکومەتى هەرێم رەزامەندى خۆى نیشانداوە لەسەر جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى پەیوەست بە پشکى هەرێم لە بودجە.