گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆشکی سپی وادەى دەستپێکردنەوەى گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ عێراق ئاشکرا کرد

2021.03.23 - 23:21
App store icon Play store icon Play store icon
کۆشکی سپی وادەى دەستپێکردنەوەى گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ عێراق ئاشکرا کرد

ناس کورد-

کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، عێراق و ئەمریکا لە نیسانی داهاتوودا گەڕی سێیەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوانیان دەستپێدەکەنەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کۆشکی سپی لە ڕاگەیەنراوێکدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە دەڵێت، گفتوگۆی ستراتیژی بۆ ڕێگریکردنە لە گەڕانەوەى پاشماوەکانی داعش بۆ عێراق.

 

پێشتر ئاژانسی هەواڵیی ئاسۆشییەتدپرێس ڕایگەیاند، عێراق بە فەرمی داوای لە ئیداری جۆبایدنی سەرۆکى ئەمریکا کردووە وادەى دەستپێکردنەوەى گفتوگۆ ستراتیژی دیاری بکات لەبارەى پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی هەردوولا و کشاندنەوەى ئەو هێزەی ئەمریکا کە لە عێراق ماوە، ئەوەش بەپێی سێ بەرپرسی عێراق کە قسەیان بۆ ئاژانسەکە کردووە.

 

هەر بەپێی ئاژانسەکە، لە گەڕی سێیەمدا عێراق دەیەوێت بە دیاریکراوی باسی کشانەوەى هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق بکات.

 

بەپێی ئامارەکانی پنتاگۆن، لەئێستادا نزیکەى دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق هەن.

 

 

ڕۆژی 12ی حوزەیرانی 2020، هەردوو حکومەتی عێراق و ئەمریکا لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، لەدوای پێشکەوتنێکی گەورە لە تێکشکاندنی داعش، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چەند مانگی داهاتوودا دەست دەکات بە کەمکردنەوەى هێزەکانی لە عێراق."  

  

ڕاگەیەنراوەکە ڕاشیگەیاند، بە پشتبەستن بە ڕێککەوتننامەى ستراتیژی ساڵی 2008 بۆ پەیوەندی هاوڕێیانە و هاوکاری لە نێوان عێراق و ئەمریکا، گفتوگۆی ستراتیژی لەڕێگەى ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەنێوان نوێنەرانی هەردوولا بەسترا کە بریکارانی وەزیرانی دەرەوەى سەرۆکایەتییان کردووە، و تێیدا باس لە بوارەکانی ئەمنی، ڕوبەڕوبوونەوەى تیرۆر، ئابوری، وزە، کەیسە سیاسییەکان و پەیوەندییە کلتورییەکانی نێوان هەردوولا کرایەوە و هەردوو وڵات جەختیان لەسەر ئەو بنەمایانە کردەوە کە لە گفتوگۆکاندا لەسەری ڕێککەوتوون.  

  

دەشڵێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەختی لە یەکپارچەیی و پاراستنی سەروەریی عێراق و سەرجەم ئەو بڕیارە پەیوەندیدارانە کردەوە کە لەلایەن دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردنەوە دەرکراون.  

  

ئەوەى پەیوەندی بە دۆسیەی ئابوری و وزەوە هەیە، هەردوولا باسیان لەو ئاڵنگارییە ئابورییە دیارانە کرد کە عێراق ڕوبەڕوی بووەتەوە بەهۆی قەیرانی کۆڤید-19 و دابەزینی نرخی نەوت و دەڵێت، عێراق پێویستی بە چاکسازی بنەڕەتی ئابوریی هەیە.  

  

هاوکات ئەمریکا تاوتوێی دابینکردنی ڕاوێژکاری تایبەتی ئابوری بۆ عێراق کردووەتەوە تاوەکو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەت کار بکەن لەپێناو زیادکردنی ئاستی هاوکاری نێودەوڵەتی بۆ هەوڵەکانی حکومەت بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی بنەڕەتی.  

  

هەروەها "هەردوولا تاوتوێی ئەو پڕۆژە وەبەرهێنانەیان کردووە کە کۆمپانیا ئەمریکییە جیهانییەکان بڕیارە لە بواری وزە و بوارەکانی تردا لە عێراق ئەنجامی بدەن، بەڵام بەو مەرجەى دۆخی کار لە عێراقدا ڕەخسا بێت."  

  

ئەوەشی پەیوەندی بە لایەنی سیاسییەوە هەیە، "ئەمریکا هاوهەڵوێستی خۆی بۆ کۆماری عێراق دەردەبڕێت نەک تەنها بەڕێگەی هاوکاری دووقۆڵی لەسەر ئاستی ئەمنی و سیاسی، بەڵکو لەڕێگەی پشتگیری و هاوکاری بۆ حکومەتەکە نوێیەیشی."  

  

"هەردوو دەوڵەت جەختیان لە گرنگی هاوکاری عێراق کردەوە بۆ جێبەجێکردنی کارنامەى حکومی و چاکسازی بەشێوەیەکی لەئاستی خواستی گەلی عێراق بێت بۆ گەڕاندنەوەى سەقامگیری و دووبارە ئاوەدانکردنەوەى وڵات و ڕێکخستنی هەڵبژاردنێکی پاک و دادپەروەر."  

  

دەشڵێت، "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و هەوڵەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤ و گەڕاندنەوەى ئاوارەکان و پاراستنی کەمە نەتەوەیاتییەکان."  

  

لەبارەى کۆمپانیا ئەمنییەکان، هەردوو وڵات تیشکیان خستەسەر گرنگی کۆتایهێنان بە هەڕەشەکانی داعش، ئەمریکاش لە چەند مانگی داهاتوودا دەست دەکات بە کەمکردنەوەى هێزەکانی لە عێراق و گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەت لەسەر چۆنیەتی مانەوەى بەشەکەى تری.  

  

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، "ئەمریکا هەوڵی دانانی بنکەی سەربازیی یان بوونی سەربازی هەمیشەیی نادات لە عێراق، وەک ئەوەى پێشتر لە گفتوگۆی ستراتیژی ساڵی 2008دا ڕێککەوتوون لەسەری."  

  

هاوکات مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی فەرمی حکومەت وتی، گفتوگۆکە "سەرکەوتنێکی گەورەى" بەدەستهێناوە و جەختکراوەتەوە لەسەر کشانەوەى سەرجەم هێزەکانی لە عێراق و نەبوونی هیچ بنکەیەکی سەربازیی تێیدا، گفتوگۆکە دانی بە بڕیاری پەرلەمانی عێراقدا ناوە بۆ کشانەوەى هێزە ئەمریکی و بیانییەکان.  

  

لەسەر ئاستی کلتوری، هەردوو حکومەت باسیان لە گرنگی گەڕاندنەوەى ئەرشیفی سیاسیی حکومەتى عێراق و بەرەوپێشبردنی ئاستی زانکۆکانی عێراق کردەوە، هەروەها باس لە گەڕاندنەوەى پارچە شوێنەوارییەکان و ئەرشیفی حزبی بەعس کرایەوە بۆ عێراق.