ناس کورد-
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی گەشت و سەیراندا ژمارەیەک بەهۆی ئەوەی نەوتیان خواردووەتەوە داخڵی نەخۆشخانە کراون و چەند ڕێنماییەکیش لەوبارەیەوە بە هاووڵاتیان دەدات بۆ پاراستنی منداڵەکانیان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. پشدەر عەبدوڵا، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی (سێشەممە 23ی ئازاری 2021) لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی نوسیویەتی، " بەداخەوە ژمارەیەک منداڵ لە نەخۆشخانە داخڵ کراون بەهۆی ئەوەی نەوتیان خواردووەتەوە لەکاتی گەشت و سەیراندا."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بۆ ئەوەی گەشتەکانمان و خۆشیەکانمان لێ تێک نەچێت و لێمان نەبن بە کاتێکی ناخۆش، بۆ ئەوەی تەندروستی منداڵەکانمان هەمیشە لەبەر چاو بگرین پێویستە ئەم خاڵانە جێبەجێ بکەین:
۱- پێویستە ئەو خەڵوزە بەکاربهێنین کە بەئاسانی گڕئەگرێت و پێویستی بە نەوت نیە، چونکە خۆی ماددەیەکی تێکەڵ کراوە بە ئاسانی گڕ ئەگرێت.
۲-بەهیچ شێوەیەک نەوت نابێت بکرێتە دەبەی ئاو.
۳-پێویستە دەبەیەک بەکار بهێنین کە ناتوانرێت منداڵ سەرەکەی بکاتەوە.
٤-پێویستە ئەو دەبەیە لەناو زەرفێکی ڕەش هەڵبگیرێت و بە ئاسانی منداڵەکە دەستی پێ نەگات.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر منداڵەکە ژەهراوی بوو ئەم کارانە بکە:
۱-یەکسەر منداڵەکە لە سەرچاوەی نەوتەکە دوور بخەرەوە و بیبەرە شوێنێک کە هەوایەکی پاک هەڵبمژێت.
۲-یەکسەر جل و بەرگی منداڵەکە دابکەنە و ئەو شوێنەی نەوتی بەرکەوتووە ئەبێ جوان بە ئاو و سابوون بشۆرێت.
۳-بە هیچ شێوەیەک هەوڵ مەدە منداڵەکەت بڕشێنیتەوە، ئەگەر ڕشایەوە هەوڵبدە بینوشتێنیتەوە بۆ پێشەوە یان لەسەر لای چەپ دایبنێ و سەری بۆ خوارەوە بێت.
٤- منداڵەکەت یەکسەر ببە بۆ نەخۆشخانە.