کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد - یاسین تەها سەرجەم ڕوانگە و ناوەندە فەلەكییەكان یەكدەنگن لەسەر ئەوەی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 3ی حوزەیرانی 2019، مانگی نوێی شەوال "جەژن" لەدایك دەبێت و لە ڕووی زانستییەوە ڕەمەزان كۆتایی دێت، بەڵام لەبارەی ئەگەری بینینی مانگی نوێ بەچاو و تەلەسکۆب بۆ سەر لەئێوارە ڕایان جیاوازە و ئەگەرێكی مسۆگەر نییە. . بەپێی نەخشە زانستییەكان كە ناوەندی نێودەوڵەتی گەردوننانسی (ئەبو زەبی) و سەنتەری نیشتمانی توێژینەوە فەلەكییەكانی میسر بڵاویانکردووەتەوە، مانگی نوێی شەوال (جەژن) دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 3ی حوزەیرانی 2019، کاتژمێر 1:02 لەدایك دەبێت و بەپێی حساباتی زانستی فەلەك ڕەمەزان كۆتاییدێت، بەڵام بۆ ئەو دەوڵەتانەی كە بینینی چاو دەكەنە مەرج بەپێی شەریعەت سەر لەئێوارەكەی دوای خۆرئاوابوون كێشە و گرفتی زۆر لە دیتنی ئەو مانگە نوێیەدا هەیە بۆ ئەمڕۆ. . 30 كەس لە شارەزایانی ناوەندی گەردونناسی نێودەوڵەتی سورن لەسەرئەوەی ئەم ئێوارەیە لە كیشوەرەكانی ئاسیا، ئەفەریقا، ئەوروپا و ئوسترالیا بینینی مانگ بەچاو و بەتەلەسكۆب مومكین نییە بەهۆی كەمی ماوەی مانەوەی لەئاسۆدا كە چەند خولەكێكی زۆر كەمە، هەروەها بەهۆی تێكەڵبوونی مانگ كە لەشێوەی خەتێكی سپی باریكدایە لەگەڵ ڕووناكی پاشماوەی تیشكی خۆر، بەڵام ئەم حاڵەتە لەهەندێك بەشی كیشوەری ئەمەریكا وەها نییە و دەكرێت بە تەلەسكۆب ببینرێت، لەناو هەندێ بەشی زەریای ئارامیشدا دەكرێت بەچاوی ڕووت ببینێرت و گرفتی نییە، بەم لێكدانەوەیەش بێت سبەی سێ شەممە تەواوكەری ڕەمەزانە و دووسبەی چوارشەممە، 5ی حوزەیران جەژنە كە هاوتایە لەگەڵ جەژنی چاوەڕوانكراوی تایفەی شیعە بەپێی پێشبینییەكانی نووسینگەی عەلی سیستانی. . جیاواز لە بۆچوونی ئەم ناوەندە گەردونناسییەى ئیمارات، خانەی توێژینەوەكانی "الشمس" لە میسر رایگەیاندووە، مانگی تازە ئێوارەی ئەمڕۆ لە ئاسمانەكانی مەككە و قاهیرە شەش خولەك پاش خۆرئاوا بوون دەمێننەوە و لە هەندێ پایتەختی وڵاتانی ئیسلامییش دەگاتە 17 خولەك و ئاماژەی بەوەداوە دەكرێت ببینرێت. هەر لەمبارەیەوە محەمەد قازی، سەرۆكی ئامۆژگای نیشتمانی توێژینەوە فەلەكییەكانی میسر كە سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵایە، بە میدیاكانی میسری راگەیاندووە، سێشەممە جەژنی ڕەمەزانە، ئەمەش بۆچوونی ژمارەیەكیتر فەلەكناس و شارەزای وڵاتانی کەنداوە لەوانەش خالید زەعاقی كەشناسی بەناوبانگی سعودی و هەندێکیتر لە شارەزایان. . سەنتەرەكانی فەلەكناسی لایەنی ڕێپێدراوی دیاریكردنی رۆژانی جەژن و ڕەمەزان نین و ئەوە كاری دادگاكان و خانەكانی فەتوادانە پاش وەرگرتنی ڕاپۆرتی لیژنەكانی بینینی مانگ، بەڵام داتا و شیكارییەكانی ئەوان ڕێپیشاندەر و بەرچاوڕوونی باشن بۆ گەڕان و سۆراغكردنی مانگ و هەندێ دەوڵەتی لە چەشنی توركیاش تەنها پشت بەو زانیارییە زانستییانە دەبەستێت و پێشتر وادەی جەژن و بۆنە ئاینییەكان دیاریی دەكات چونكە بەلایەوە لەدایكبوونی مانگ بەر لەخۆرئاوابوون بەپێی زانست بەسە بۆ دیاریكردنی سەرەتای مانگە كۆچییەكان، با بەچاوی مرۆڤەكانیش نەبینرێن. . بەپێی زانیارییە بەردەستەكانی ناوەندەکانى گەردونناسی لە بەغدا و کوەیت و ئەبوزەبی و مەنامە مانگی نوێی شەوال ئەمڕۆ دووشەممە تەنها دوو خولەك پاش خۆرئاوابوون لەئاسۆدا دەمێنێتەوە، لە دەوحە دەگاتە سێ خولەك و لە عەممان و قودس و بەیروت چوار خولەك و لەمەككە پێنج بۆ شەش خولەك بەڵام لە باكوری ئەفەریقا دەگاتە حەوت خولەك و لە خەرتوم هەشت خولەك و لەوپەڕی باشووری جەزائیر 11 خولەك پاش خۆرئاوابوون، بەڵام كورد وتەنی "كوڕ ئەو كوڕەیە بەچاو یان بەتەلەسكۆب بیدۆزێتەوە" و هەر ئەمەشە ڕاڕایی لەسەر وادەی جەژن دروستكردووە و دیاریکردنەکەی لەسەر ئەو چەند خولەکە وەستاوە. . حساباتی فەلەکی و دیاریکردنی سەرەتای مانگە هیجرییەکان پرس و مشتومڕێكی كۆنی شەرعزانی و فەلەكناسییە و دەیان كتێب و نامیلكە و دەستنوسی لەسەر نوسراوە و چەندەها كۆڕو كۆنگرەی لەبارەیەوە سازكراوەو هێشتا هەر بابەتی گفتوگۆیە، لەم بوارەشدا زانایانی كورد بەشداریی چالاكیان هەیە لەوانەش مەلا ئیبراهیمی گۆرانی و محەمەد ماردینی و بەمدواییانەش شێخ حەسەنی گڵە زەردەو چەندانیتر كە ئێرە دەرفەتی ناوبردنیان نییە.