ناس کورد-
لیژنەى کار و کۆچبەرانى عێراق، بۆ چارەسەرکردنى کێشەى بێکارى و دەستەبەرى هەلى کار بۆ کرێکاران پاکێجێکى هاوبەشى پێشکەشى پەرلەمان کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فازڵ فەتلاوى، ئەندامى لیژنەى کار و کۆچبەران لەپەرلەمانى عێراق (22ى ئازارى 2021) لەلێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەى سەباح کە "ناس کورد" بەدواداچونى بۆ کردووە ڕایگەیاند، ئەوانەى بێکارن و کارەکانیان لەدەستداوە ژمارەیان زۆرە و لەچینە جیاوازەکانە، هەیانە لەدەرچووانى کۆلێژەکانن و بەپێى ئامارێکى ئەمدواییە ئاماژە بۆ بوونى 10 ملیۆن بێکار دەکرێت.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، پاکێجێکى هاوبەش دراوەتە پەرلەمان بۆ ئەوەى هەفتەى داهاتوو تاوتوێ بکات و کە چەند پشنیارێکى تێدایە بۆ دامەزراندنى ئیدارەیەکى تایبەت کە پێکدێت لەنوێنەرى وەزارەتەکانى پیشەسازى و کشتوکاڵ و پلاندان بۆ چارەسەرکردنى ئەو دۆخە.
فەتلاوى باسى لەوەش کرد، سەدان کارگە هەن لەکارکەوتوون کە دەتوانن ملیۆنەها کرێکار لەخۆبگرن و ئەو کارگانەشى کە کار دەکەن ژمارەیەکى زۆرى کرێکارى بیانى تێدایە بۆیە دەبێت بۆ چارەسەرکردنى ئەو دۆخە ڕێوشوێنى پێویست بگیردرێتە بەر.
فەتلاوى ئەوەشى ڕونکردووەتەوە، لیژنەکانى پیشەسازى و کشتوکاڵ هانى بەشدارى پێکردنى کرێکارانى ناوخۆى دەکات لەکارگەکاندا لەوانە کارگەى چیمەنتۆ کە پێویستى بەپێشخستن هەیە بۆنمونە کارگەى چیمەنتۆى کوفە پێوستى بەپێشخستن هەیە و دەشتوانرێت لەو کارگەیەدا 3 هەزار کرێکار بخرێتە سەر کار.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشى وت، نزیکەى ملیۆنێک و 500 هەزار کرێکارى بیانى بەشێوەیەکى ناڕێک و نایاسایى هاوردەکراون بۆ عێراق ئەوەش واى کردووە کرێکارانى ناوخۆ هەلى کاریان لەبەردەمدا ئاستەم بێت بەتایبەت لەکەرتەکانى نەوت و گەشتوگوزارى.