گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێکهاتەی بەرازی تێدایە؟

ئەسترازینیکا لەبارەى حەڵاڵبوونی ڤاکسینەکەى ڕوونکردنەوە دەدات

2021.03.21 - 14:30
App store icon Play store icon Play store icon
ئەسترازینیکا لەبارەى حەڵاڵبوونی ڤاکسینەکەى ڕوونکردنەوە دەدات

ناس کورد-

کۆمپانیای ئەسترازینیکا ڕەتی کردەوە ڤاکسینەکەی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا پێچەوانەی ڕێنماییەکانی ئاینی ئیسلام دروست کرابێت و جەختی کردەوە کە "پێکوتەکەیان بەهیچ شێوەیەک پێکهاتەی بەرازی تێدا نییە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "ڕۆیتەرز" کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە، "مشتومڕەکان لەبارەی ڤاکسینی ئەسترازینیکا بەردەوامە، بەتایبەتی دوای نیگەرانییەکانی سەلامەتی کە بەهۆی دەرکەوتنی نیشانە لاوەکییەکانی ئەو پێکوتەیە لەسەر ژمارەیەک کەس لە وڵاتانی جیهاندا دەرکەوت بە تایبەتی لە ژمارەیەک وڵاتانی ئەوروپا".


ئاماژە بەوەکراوە کە مشتومڕێکی نوێ سەبارەت بە ڕێزگرتن لە شەریعەتی ئیسلامی لەکاتی دروستکردنی ڤاکسینە لە ئێستادا لە جیهانی ئیسلامیدا سەریهەڵداوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە ئەندۆنوسیا ڕایگەیاند کە "پێکوتەکە پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلامییە و بەکارهێنانی ئەو ڤاکسینە بە حەرام وەسفکرد بەوپێیەی پێکوتەکە پێکهاتەی بەرازی تێدا بەکارهێنراوە".


ئەنجومەنی زانایانی ئیسلامی کە بەرزترین ئەنجومەنی ئاینی موسوڵمانی ئەندەنوسیایە ڕۆژی هەینی (19ی ئازاری 2021) لەسەر ماڵپەڕەکەی خۆی ڕایگەیاند، "ڤاکسینی ئەسترازینیکا حەرامە، چونکە لە پرۆسەی دروستکردنیدا ماددەی تەراپسینی تێیدا بەکارهێنراوە کە لە پەنکریاسی ئاژەڵی بەراز دەردەهێنرێت".


لای خۆیەوە کۆمپانیاکە ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و جەختیکردەوە کە "ڤاکسینەکەی پێکهاتەی بەرازی تێدا نییە".


وتەبێژی ئەسترازینیکا لە ئەندەنوسیا ئاماژەی بەوەشکرد، "لە هەموو قۆناغەکانی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئەو ڤاکسینە هیچ بەرهەمێکی بەرازیان بەکارنەهێناوە".


ئەوە لەکاتێکیدایە کە ڕۆژی هەینی دەسەڵاتدارانی ئەندەنوسیا بەکارهێنانی ڤاکسینی ئەسترازینیکایان پەسەند کرد.


ئەندەنوسیا لەئێستادا دووچاری دۆخێکی تەندروستی نالەبار بووەتەوە کەیەکێک لە خراپترین بڵاووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئاستی ئاسیا کە زیاتر لە ملیۆن حاڵەتی توشبوون بەو پەتایەی تێدا تۆمارکراوەو ونزیکەی 40 هەزار کەسی دیکەش بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیانلەدەستداوە.


ڕۆژی 18ی ئازاری 2021، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، پسپۆڕەکانی هێشتا پێداچوونەوە بە داتاکانی سەلامەتی ڤاکسینی ئەسترازینیکا دەکەن، دوای بڵاوبوونەوەی ترس لە توشبوون بە جەڵتەی خوێن، بەڵام داوا دەکەن بەرنامەی کوتان بەو ڤاکسینە بەردەوامی هەبێت لە وڵاتانی جیهاندا.


ڕێکخراوە جیهانییەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، "لیژنەی ڕاوێژکاریی جیهانی تایبەت بە سەلامەتی ڤاکسینەکان بەوردی هەڵسەنگاندن بۆ پێکوتەکە دەکەن، بۆیە پێمانوایە سودەکانی ڤاکسینی ئەسترازێنێکا زۆر زیاترە لە مەترسیەکانی، بۆیە پێشنیاری بەردەوامبوونی هەڵمەتەکانی کوتان دەکەین".

 

لای خۆیەوە سۆمەیە سوامیناتان، گەورە شارەزای ڕێکخراوەکە، پێشنیازی کردووە کە وڵاتان بەردەوام بن لە بەکارهێنانی ڤاکسینی ئەسترازێنێکا لە هەڵمەتەکانی کوتانی دژ بە کۆرۆنا.


هاوکات کۆمپانیای ئەسترازێنێکا ئەوەی دوپاتکردووەتەوە کە داتاکانی سەلامەتی بۆ ڤاکسینەکەی ئاماژە بەوەدەکەن کەدوای دابەشکردنی زیاترلە 17 ملیۆن دانە لە کوتانە تائێستاهیچ نیشانەیەکی توشبوون بەوجۆرە نەخۆشییە لەوانەی کوتراون دەرنەکەوتووە، لەکاتی تاقیکردنەوە تەختییەکانی ڤاکسینەکەدا هیچ حاڵەتێکی لەوشێوەیە تۆمارنەکراوە".


بەپێی دوایین ئامار زیاتر لە 120 ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، هاوکات کۆی گشتی گیانلەدەستدان بەو پەتایەگەیشتووەتە نزیکەی سێ ملیۆن کەس، لە مانگی 12ی ساڵی 2019وە یەکەم حاڵەتەکان لە چین ئاشکرابوون، دواتر لەسەرانسەری جیهاندا نەخۆشییەکە بڵاوبووەیەوە.