ناس كورد-
دژ بە ڕێکارەکانی داخستن و قەدەغەی گشتی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، لە ئەڵمانیا و بەریتانیا هەزاران کەس لە ناوەندی ئەو دوو وڵاتەدا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و گرژی و ئاڵۆزیش دروستبوو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەکان کە "ناس کورد" بە دواداچوونی بۆکردووە، دوێنێ و ئەمڕۆش بەهۆی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر ڕێوشوێنەکانی داخستنی گشتی و یاساکانی تری بەرگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، نزیکەی 20 هەزار کەس لە سەرتاسەری ئەڵمانیا لە شاری (کاسلی) ناوەندی ئەو وڵاتە خۆپێشاندانیان ئەنجامداوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، "پۆلیسی ئەڵمانیا پاش ئەوەی خۆپێشاندانەکە توندوتیژی لێ کەوتووەتەوە ناچاربووە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران ئاوی گەرم و گیراوەی بیبەری تیژ بەکاربهێنێت".
پۆلیسی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە، "خۆپیشاندەران ڕێنماییەکانی بەرگرتنیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشێلکردووە وبە هیچ شێوەیەک پابەندی پۆشینی دەمامەک و پاراستنی مەودای دووری نێوانیان نە پاراستوە ودواتریش هەوڵیانداوە ئەو بەربەستانەی کە پۆلیس دایاناون بشکێنن".
میدیاکان ئەڵمانیا ئەوەشیان خستووەتە ڕوو، "بەهۆی درێژەی ماوەی داخستنی گشتی لەو وڵاتە کە لەئێستادا خەریکە نزیک دەبێتەوە لە چوار مانگ و کەمبوونەوە و خاوی بەڕێوەچوونی پرۆسەکانی کوتان لەچاو بەریتانیا و ئەمەریکا زیاتر هاوڵاتیانی ئەڵمانیای نیگەران کردووە".
هاوکات ڕۆژی دوێنێ شەممە (20ی ئازاری 2021) لە بەریتانیا بەهۆی خۆپیشاندانی هەزاران کەسەوە دژ بە داخستی گشتی و ڕێکارەکانی بەرگرتن لە پەتای کۆرۆنا لانی کەم 36 کەس دەستگیرکران وچەندین ئەفسەری پۆلیس لە لەندەن برینداربوون".
لە سەرەتای مانگی کانونی دووەمەوە، داخستنی گشتی پایتەختی بەریتانیا ولە ناوچەکانی دیکەی ئینگلتەرا سەپێندراوە، خۆپیشاندانەکە لە پارکی (هاید) دەستی پێکرد کە دەکەوێتە ناوەندی شاری لەندەن دواترلەلایەن پۆلیسەوە بڵاوەی پێکرا، بەڵام دواتر کۆمەڵێک خۆپیشاندەر گەڕانەوە بۆئەو پارکە ولەوێ دووچاری پۆلیس بووەنەوە".