گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’یەکە یەکە ناویان دەبەم’’

كوڕەكەی عەلی باپیر: ترسنۆكی تەمەن درێژ ناكات

2021.03.21 - 12:07
App store icon Play store icon Play store icon
كوڕەكەی عەلی باپیر: ترسنۆكی تەمەن درێژ ناكات

ناس کورد-

شەریف عەلی باپیر، کوڕی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری ڕایگەیاند، ترسنۆکیی تەمەن درێژ ناکات، "وەدەنگھاتن لە ستەم ئەرکی هەموو خاوەن ویژدانێکە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شەریف عەلی باپیر کە لە پۆستێکی پێشوویدا لەبارەى عومەری سەید عەلی، ڕێکخەری بزوتنەوەى گۆڕان و محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کرد کاردانەوەى زۆری دروست کرد.

 

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی ئازاری 2021، شەریف لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی، "ترسنۆکیی تەمەن درێژ ناکات! وەدەنگھاتن لە ستەم ئەرکی هەموو خاوەن ویژدانێکە. کەسانێك بە ھەر پاساوێك بێدەنگییان ھەڵبژاردووە، با ھەوڵی کپکردنی کەسی تر نەدەن."

 

ئەو هەڕەشە دەکات و دەڵێت، "سەبارەت بە نووسینەکانم، با چیتر کەس خۆم و جەنابی بابم بێزار نەکات، دەنا بەبێ ڕەچاوکردنی پۆست و پلە و نزیکیی و دووریی لێمەوە، ھەر لێرەدا یەك بە یەك ناویان دەبەم."

 

پێشتر ناوبراو لە پۆستێکیدا لە فەیسبوک نوسیوبووی، "کاك عومەر لە قسەکانیدا دەیویست ھەڵەو شکستە سیاسییەکانی بکاتە ماڵ لەسەر ھەموو ئۆپۆزیسیۆن و دەنگە ناڕازییەکانی ناو گۆڕان! بەڵام بەرھەمی ئەم جۆرە سیاسەتە، لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا دەیکاتە نزیکترین ھاوڕێی کاك محمدی حاجی مەحموود. وێڕای ڕێز و خۆشەویستیم بۆ ھەردوو لایان."

 

هەر دوای پۆستەکەى کە کاردانەوەى زۆری دروستکرد، بەرپرسێکى گۆڕان وەڵامى قسەکانى دایەوە و وتی، "هەرکات توانیان مافى خوێنی عەبدوڵای قەسرێ وەربگرنەوە، ئەوکات چاو بە رەخنەکانیاندا دەخشێننەوە."

 

هێــمن شێخـانی، باژێڕوانی مەکۆی هەولێری بزوتنەوەی گۆڕان لە لاپەڕەى خۆى لە فەیسبووک کە "ناس کورد" بینیویەتى وەڵامى کوڕەکەى عەلى باپیرى داوەتەوە و نوسیویەتى، "تازە بەتازە بە کۆڵێک پۆخڵەواتەوە هاتوون ڕەخنە لە بزوتنەوەیەك ئەگرن کە لەئاستی مێژوی ئەم بزوتنەوەیەدا زۆر قەرزارو شەرمەزارن".

 

دەشڵێت، "لەبیرمە لە دانیشتنێکدا خودی مامۆستا عەلی باپیر وتی لەکاتی هەمواری پرسی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمدا ئێمە بزوتنەوەی گۆڕانمان تا پەتی سێدارە برد و دواتر بەتەنیا جێمانهێشت، ئا ئەمەیە جیاوازی نێوان ئێمەو ئێوە".

 

هێــمن شێخـانی باسى لەوەشکردووە "بەکورتی هەرکات کاک شەریفی کوڕی مامۆستا عەلی باپیر مەردانە حەقی خوێنی مامۆستا عەبدوڵای قەسرێی سەندەوە، ئەوا ئەوکات ئێمەش چاوێک بە ڕەخنەکانیدا دەخشێنین".

 

هاوکات محەمەد حەکیم، کارگێڕی ئەنجومەنی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەبارەی گرژییە میدیاییەکانی نێوان کۆمەڵ و گۆڕان بەهۆی نوسینێکی کوڕێکی عەلی باپیر، نوسینێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو لەگەڵ پۆستەکەی شەریفی کوری سەرۆکی کۆمەڵدا نییە.

 

محەمەد حەکیم لە نوسینەکەیدا کە (سێشەممە 16ی ئازاری 2021) لە فەیسبوکی خۆی بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، "کوڕەکەی مامۆستا عەلی باپیر هیچ پۆستێکی حزبی نییە و ناکرێت پۆستێکی فەیسبوک بەکاربهێنریت بۆئەوەی هەندێک کەس لە ناو گۆڕان و حزبی سۆسیالیستەوە ناخی خراپی خۆیان بەرانبەر کۆمەڵ ئاشکرا کەن و قسەی ناشرین بکەن."

 

ئەو بەرپرسەی کۆمەڵ ئەوەشی نوسیوە، "من لێرە وێڕای رێزو حورمەتم بۆ کاک عومەری سەید عەلی و کاک محەمەدی حاجی مەحمود، ھەردووکیان دڵنیان لە رێزوحورمەتی مامۆستا عەلیش بۆیان، دەبوو رێ بە ھەڵدانەوەی ھەندێ رووداوی مێژوویی بە نوقسانی و نیوەناچڵی و ھەڵبەستراوی نەدەن و خەڵکی کۆمەڵ نیگەران نەکەن."