ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەربەلا ڕایگەیاند، بەتۆمەتی کوشتنی هاوڵاتییەک سێ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە بەهۆی ناکۆکی و کێشە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک تاوانەکەیان ئەنجامداوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەربەلا لە باشوری عێراق (21ی ئازاری 2021) کە وێنەیەکی دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژە بەوەکراوە، "بەشی بنەبڕکردنی تاوان سێ کەسی دەستگیرکردووە کە هاوڵاتییەکیان لە گەڕەکی (حوڕ) کوشتبوو بەهۆی ئەوەی تاوانلێکراوەکە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سوکایەتی پێکردوون و جوێنی پێداون".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "دوای ئەوەی پۆلیسی کەربەلا لە بوونی تەرمێکی فڕێدراو لە ناوچەی (حوڕ) کە ئاسەواری گولـلەی پێوەیە ئاگادارکراوەتەوە، ڕاستەوخۆ دەست کراوە بە لێکۆڵێنەوە و بەدواداچوون بۆ تاوانەکە".
ئاماژە بەوەشکراوە، "بەهۆی گرنگی ڕووداوەکە و کاریگەری لەسەر ئاسایش و ئاسودەیی هاوڵاتیان، لیوا ئەحمەدعەلی زوینی، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەربەلا هێزێکی پێکهێنا بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری تاوان و کۆمەڵێک ئەفسەر بۆ لێکۆڵێنەوە لە تاوانەکە، بۆیە لەماوەی یەک کاتژمێردا سێ تۆمەتبارەکە دەستگیرکران."
ڕاگەیەنراوەکەی پۆلیسی کەربەلا ئاماژەی بەوەشکردووە، "دوای ڕووبەڕووبونەوەی تۆمەتباران بە بەڵگەکان دانیان بە کوشتنی ئەو کەسەدا ناوە و ئەوەیان ئاشکراکردووە کە تاوانەکەیان بۆ بوونی کێشە لەگەڵ تاوانلێکراوەکەدا گەڕاندەوە، چونکە تاوانلێکراوەکە سوکایەتی پێ کردوون و لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک جوێنی پێ داون".
ئەوەشخراوەتەڕوو، "تاوانەکە لەڕێگەی دەمانچەیەکی نۆ ملیمەوە لە جۆری هاوک و ماتۆڕسکیلەکەوە ئەنجامدراوە".