گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەنگدان لەسەر بودجەی 2021 جارێكیتر دواخرا

2021.03.20 - 18:52
App store icon Play store icon Play store icon
دەنگدان لەسەر بودجەی 2021 جارێكیتر دواخرا

پەرلەمانی عێراق دەنگدانی لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 ی دواخست بۆ شەممەی داهاتوو 27 ئازار. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویكردەوە (20 ئازاری 2021) كە بەهۆی بەردەوامی گفتوگۆكانەوە لەبارەی بودجەی 2021، هەروەها بۆ پێدانی دەرفەت بە لیژنە پەیوەندیدارەكان بۆ پێداچوونەوە و وردبینی، بڕیاردرا دەنگدان لەسەر بودجەی 2021 دوابخرێت بۆ ڕۆژی شەممەی داهاتوو (27 ئازاری 2021) كاتژمێر 1 پاش نیوەڕۆ. 

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەوتەی زۆرینەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا شەوی ڕابردوو شاندی باڵای هەرێم و لایەنە شیعییەکان گەیشتبوونە ڕێککەوتن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و بڕیاربوو کاتژمێر 10:00ی ئەمڕۆ دەنگ لەسەر پڕۆژەکە بدرێت، بەڵام دیسان بەهۆی پشکی هەرێم دانیشتنەکە ئەمجامنەدرا.

 

بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد، لایەنە شیعییەکان گۆڕانکارییەکیان لە بڕگەی 11ی تایبەت بە پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەدا کردووە و مەرجێکیان داناوە لە ئەگەری پابەندنەبوونی هەرێمی کوردستان بە ناردنی نەوت.      

  

بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد کە لە چەند سەرچاوەیەکی پەرلەمانییەوە دەستی کەوتووە، لایەنە شیعییەکان لە بڕگەکەدا ئەوەیان جێگیری کردووە کە ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبوو بە ناردنی ئەو بڕە نەوتەی بۆی دیاریکراوە، ئەوە بەغدا شایستە داراییەکانی وەبەرهێنان و موچەی فەرمانبەران بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت.     

  

فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی ناڕازین بەم گۆڕانکارییە و هەڕەشەی بایکۆتکردنی دانیشتنی دەنگدان بە پڕۆژەیاساکە دەکەن.     

 

هەر بەوبۆنەیەوە ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، شاندی باڵای حکومەتی هەرێم و سەرۆی فراکسیۆنە کوردییەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە.

 

لەدوای کۆبوونەوەکە، بەشیر حەداد, جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا وتى، "پێمان باش بوو دانیشتنى پەرلەمان چەند ڕۆژێک دوابخرێت، لەوانەیە ئەمڕۆ بڕیارى ئەوە بدەین کە ئایا لایەنەکان بەشدارى دەکەن یاخود نا." 

 

هێماى بۆ ئەوەشکرد، "ڕێککەوتنەکە هەڵنەوەشاوەتەوە بەپێى یاسا و عورفى ڕێککەوتن کراوە و مۆرى لیژنەى دارایى لێدراوە و بەسەر ئەنداماندا دابەش کراوە، بەڵام ئەمڕۆ گۆڕاوە و ئێمە وەک سەرۆکایەتى پەرلەمان ئەو گۆڕانکاریانە قبوڵ ناکەین و ئەوەى ڕێکەوتنى لەسەر کراوە دەڕوات." 

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "کێشەکە ئێمە نین و کێشەى گەورەتر هەیە و شاندى کورد واژۆى لەسەر گۆڕانکاریە کردووە و کشانەوە لێى لەلایەن کوردەوە نەبووە، ئەوەش قسەمان لەسەر کردووە و قابیلى چارەسەرە."