گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

پەیامێک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەربارەی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا

2021.03.20 - 16:14
App store icon Play store icon Play store icon
پەیامێک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەربارەی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا

ناس کورد-

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە ئامادەیی ڕێککەوتنە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان، جەختیشیکردەوە، تاوەکو کێشەکان هەردوولا ڕێکنەکەون کێشەکان بەردەوام دەبن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە ڕایگەیاند، پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لەسەرجەم گەلی کورد و ئەو وڵاتانە دەکات کە جەژنی نەورۆز دەکەنەوە.

 

هاوکات سەبارەت بە کێشەکانی هەرێم و بەغدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان جارێکیتر دووپاتیدەکاتەوە ئامادەی چارەسەرکردنی کێشەکانە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستوردا کە مافی سەرجەم پێکاتەکانی عێراقی تیدا پارێزاو بێت.

 

نێچیرڤان بارزانی جەختیشیکردەوە، دەبێت هەمووان باش ئەوە بزانن چارەسەری کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ هەوێنی ئاشتی و پێکەوەژیان و چارەسەرکردنی قەیرانەکانە.

 

هاوکات دەربارەی کێشەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "با هه‌موومان، با هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كان له‌خۆبورده‌ بين، بۆ ئاينده‌يه‌كى باشترى كوردستان پێكه‌وه‌ كار بكه‌‌ين و‌ ديموكراسى و ئازادى بپارێزين. هه‌ر له‌م پێناوه‌دا دواى جه‌ژن هه‌موو لايه‌نه‌كان بانگهێشتى كۆبوونه‌وه‌يه‌كى هاوبه‌ش له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "دووپاتیدەکەینەوەهەرێمی کوردستان وەک هەمیشە وەک لانەی ئارامی و پێکەوە ژیان و یەکتر قبوڵکردن دەمێنێتەوە."

 

لەکۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە هاووڵاتیان کرد لەکاتی گەشت و سەیراندا پابەندی ڕێکارە تەندروستییەکان بن و خۆیان بپارێزن.

 

 

دەقی په‌يامى نه‌ورۆزيى نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

 

كوردستانييانى خۆشه‌ويست..

 

جه‌ژنى نه‌ورۆز و سه‌رى ساڵى تازه‌ى كوردى له خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدان و ئه‌نفالكراوان، گه‌لى كورد و ته‌واوى كوردستانييان له‌ وڵات، له‌ هه‌نده‌ران، له‌ هه‌ر كوێ بن، له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هێزه‌ ئه‌منييه‌كان، به‌ گه‌رمى و له‌ دڵه‌وه‌ پيرۆز ده‌كه‌م، له‌ هه‌موو ئه‌و گه‌ل و وڵاتانه‌ش پيرۆز بێت كه‌ جه‌ژنى نه‌ورۆز ده‌گێڕن، هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى.

 

پيرۆزباييى تايبه‌ت، سوپاس و پێزانين بۆ ته‌واوى تيمه‌ پزيشكى و ته‌ندروستييه‌كان و هه‌موو ئه‌و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديدارانه‌ كه‌ بۆ ساڵى دووهه‌م له‌ به‌ره‌ى پێشه‌وه‌دان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆڤيدى نۆزده‌ و گيان و سه‌لامه‌تيى هاووڵاتييان ده‌پارێزن. ئه‌وان خزمه‌تێكى گه‌وره‌ ده‌كه‌ن، ده‌ستى ماندوونه‌بوونيان ده‌گوشم.

 

به‌ ڕێزه‌وه‌ يادى هاوكارانيان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌م پێناوه‌دا گيانيان به‌خشى، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌ كه‌ به‌و په‌تايه‌ گيانيان له‌ ده‌ست دا. هاوخه‌مى خێزان و كه‌سوكاريانم. هيواى سه‌لامه‌تى و زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ هه‌موو تووشبووان ده‌خوازم. سوپاس و ده‌ستخۆشى بۆ پێشمه‌رگه‌ و ئاسايش و زێره‌ڤانى و فرياكه‌وتن و هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ جێبه‌جێكردنى ڕێكاره‌كانى خۆپارێزيدا، هاوكار و پشتيوانن.

 

ئازيزان..

 

نه‌ورۆز جه‌ژنى پيرۆزى نه‌ته‌وه‌يى و هێماى سه‌ركه‌وتن و ژيانه‌وه‌ و ئازاديى گه‌لى كورده‌. ساڵ و سه‌ره‌تايه‌كى نوێيه‌، وه‌ك هه‌ميشه‌ ئومێد و هێز و وره‌مان پێده‌به‌خشێت. با هه‌موومان له‌ سه‌ره‌تاى‌ نوێدا‌ به‌ خۆماندا بچينه‌وه‌، سوود له‌ هه‌ڵه‌كانى ڕابردوو وه‌رگرين و به‌خشنده‌ و لێبورده‌ بين. با هه‌موومان به‌ ئومێد و گه‌شبينييه‌وه‌ بۆ ئاينده‌يه‌كى گه‌شتر بڕوانين. هه‌موو هێز و توانامان يه‌كبخه‌ين، پێكه‌وه‌ كار بكه‌ين، شان بده‌ينه‌ به‌ر و سه‌ختييه‌كان تێپه‌ڕێنين.

 

سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوون، ژيان و گوزه‌رانێكى باشتر بۆ هاووڵاتييان، مسۆگه‌ركردنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى گه‌لى كوردستان، يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييمان لێ ده‌خوازێت. ده‌بێ كۆتايى به‌ ململانێ و ناكۆكييه‌كانى لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى كوردستان بێت كه‌ هه‌رگيز له‌ زيان و لێكترازانى زياتر، هيچى ديكه‌ى بۆ كوردستان لێ به‌دينه‌هاتووه‌.

 

با هه‌موومان، با هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كان له‌خۆبورده‌ بين، بۆ ئاينده‌يه‌كى باشترى كوردستان پێكه‌وه‌ كار بكه‌‌ين و‌ ديموكراسى و ئازادى بپارێزين. هه‌ر له‌م پێناوه‌دا دواى جه‌ژن هه‌موو لايه‌نه‌كان بانگهێشتى كۆبوونه‌وه‌يه‌كى هاوبه‌ش له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م.

 

كوردستانييانى ئازيز..

 

بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵ و كێشه‌كانى عێراق به‌گشتى، دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هاوكار و يارمه‌تيده‌ر ده‌بێت، له‌پێناو سه‌قامگيرى و ئاشتى و داهاتوويه‌كى باشتردا بۆ وڵات، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات. ده‌بێ هه‌مووان ئه‌وه‌ باش بزانن كه‌ چاره‌سه‌ريى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵ، كليلى ئارامى و سه‌قامگيرى و پێشكه‌وتنى عێراقه‌.

 

ئێمه‌ بۆ هه‌موو چاره‌سه‌رێكى دوور له ‌خۆسه‌پێنى ئاماده‌ين كه‌ مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌ل و پێكهاته‌كانى عێراق، تايبه‌تمه‌ندى و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان مسۆگه‌ر بكات، سيسته‌مى فيدراڵى و پره‌نسيپ و بنه‌ماكانى هاوبه‌شى و سازان و هاوسه‌نگيى ڕاسته‌قينه‌ بپارێزێت. داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ين، پشتيوان و هاوكار بن له‌ چاره‌سه‌ره‌كردنى كێشه‌كانى عێراق.

 

هه‌ر له‌م ياده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى و لانه‌ى پێكه‌وه‌ژيان و لێبورده‌يى و يه‌كترقبووڵكردن له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌. له‌ كاركردن و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هاوپه‌يمانان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌رده‌وام ده‌بێت. له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌ها و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش، په‌ره‌ به‌ په‌يوه‌ندى و هاريكارى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و جيهان ده‌دات. به‌ هه‌موو توانايه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ جيهان ڕووبه‌ڕووى تيرۆر و توندڕه‌وى ده‌بينه‌وه‌.

 

هه‌ر له‌و بۆنه‌يه‌دا داوا له‌ هاووڵاتيانى ئازيز ده‌كه‌م له‌ گه‌شت و سه‌يراندا هه‌موو ڕێكاره‌كانى خۆپارێزى و ياساكانى هاتوچۆ به‌ ته‌واوه‌تى ڕه‌چاو بكه‌ن و خۆيان و سروشتى جوانى كوردستان بپارێزن. خواى مه‌زن كوردستان و كوردستانييان بپارێزێت. جه‌ژنى نه‌ورۆز له‌ هه‌مووتان پيرۆز بێت، هيوادارم هه‌موومان جه‌ژن و بۆنه‌كانى داهاتوو له‌ كه‌ش و دۆخێكى باشتردا بكه‌ينه‌وه‌.

 

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/3/20