گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پشکى هەرێم لە بودجە لەلیژنەى دارایی دەنگى لەسەر درا

2021.03.19 - 22:04
App store icon Play store icon Play store icon
پشکى هەرێم لە بودجە لەلیژنەى دارایی دەنگى لەسەر درا

ناس کورد-

ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لیژنەکەیان دەنگیداوە لەسەر ماددەى 11 تایبەت بە پشکى هەرێم لە بودجە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هۆشیار عەبدوڵا لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک کە "ناس کورد" بینیویەتى ئاماژەى بەوەکردووە، ئەو بڕگانەى لە ماددەکە لابرابوون وەک هاوپەیمانى هیوا گەڕاندویانەتەوە و دەنگ لەسەر ماددەکە دراوە.

 

وتيشى، ئەو بڕگانە بەرێککەوتن یەکلابوونەتەوە. وەفدى حکومەتى هەرێم خۆى بڕگەکانى پەسەندکردووە لەحاڵەتى تێپەڕبوونى بودجە هەرێم ناتوانێت خۆى لێبدزێتەوە.

 

بەپێی ئەو ماددەیە، هەرێمى کوردستان رۆژانە لانى کەم 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى عێراق دەکات، لەکۆى 460 هەزار بەرمیل نەوتى بەرهەمهێنراو، ئەوەى دیکەى بۆ بەکارهێنانى ناوخۆ و کرێی بەرهەمهێنان و گواستنەوەيه، لەگەڵ رادەستكردنى نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان، هەروەها دەبێت تا کۆتایی حوزەیران سەرجەم داتاکانى تایبەت بە فەرمانبەران رادەستى بەغدا بکات.

 

بڕیارە دواى دەنگدانى لیژنەى دارایی، پڕۆژەى بودجە لە دانیشتنى پەرلەماندا دەنگى لەسەر بدرێت.

 

بەپێی ئاژانسى فەرمى عێراق کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، هشام سوهەیل ئەندامى پەرلەمانى عێراق رایگەیاندووە، کاتژمێر 10ى ئەمشەو پڕۆژە یاساى بودجە دەنگى لەسەر دەدرێت.