گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوایین پێشنیازەکان لەبارەى بودجە و پشکى هەرێم پێش دەنگدان لەسەرى

2021.03.19 - 19:40
App store icon Play store icon Play store icon
دوایین پێشنیازەکان لەبارەى بودجە و پشکى هەرێم پێش دەنگدان لەسەرى

ناس کورد-

 

پەرلەمانتاران و بەشێک لە فراکسیۆنەکان پێشنیازی جیاجیایان گەڵاڵەکردووە بۆ ئەوەى بخرێتە ناو پڕۆژەى بودجەوە پێش ئەوەى ئەمشەو بخرێتە دەنگدانەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی ئاژانسى فەرمى عێراق کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، بەشێک لە پێشنیازەکان بریتین لە، راگرتنى دامەزراندن، گواستنەوەى دۆسیەى دامەزراندن لە حکومەتەوە بۆ ئەنجومەنى خزمەتى فیدراڵى، بەدەرکردنى وەزارەتى تەندروستى لە راگرتنى دامەزراندن، هەژمارکردنى ماوەى گرێبەستەکان بۆ سەر خزمەتەکانیان. پابەندکردنى هەرێم بە پێدانى زانیارى لەسەر فەرمانبەرانى بە وەزارەتى دارایی عێراق.

 

لەلایەکى دیکەوە، ئاڵا تاڵەبانى سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق بە تەلەفزیۆنى فەرمى حزبەکەى راگەیاند، لە کۆبوونەوەى شاندى هەرێم و بەشێکى زۆر لەلایەنە شیعییەکان رێککەوتن کراوە لەسەر زۆربەى خاڵە بنەڕەتییەکانى جێگرەوەى دەقە حکومییەکە لەبارەى پڕۆژەى بودجە.

 

رونیشیکردووەتەوە، زۆربەى فراکسیۆنە شیعەکان بەدەقەکە رازین، دواى ئەو هەموارەى بەرەزامەندى هەردوولا کراوە.

 

ئاڵا تاڵەبانى باسى لەوەشکرد، دەبێت دەقەکە ببرێتە لیژنەى دارایی و دەنگى لەسەر بدرێت، دواتر دەبێتە جێگرەوەەى دەقە حکومییەکە و لە پەرلەمان دەنگى لەسەر دەدرێت.

 

لاى خۆیەوە، بەهار مەحمود پەرلەمانتارى هاوپەیمانى هیوا لە پەرلەمانى عێراق بە "ناس کورد" ى راگەیاند، "پێشنیازە نوێیەکەى شیعەکان لەبارەى رادەستکردنى 460 هەزار بەرمیل نەوت زۆر جیاوازى نییە لەگەڵ دەقە حکومییەکە، فراکسیۆنە کوردییەکان لەگەڵ دەقە حکومییەکەدان".    

 

لەئێستادا شاندى دانوستانکارى هەرێم و سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق لەکۆبوونەوەدان بۆ تاوتوێکردنى دوایین پێشهاتەکان لەبارەى رێککەوتن لەسەر پشکى هەرێم، پێش ئەوەى پڕۆژەکە بخرێتە دەنگدانەوە.

 

قوباد تاڵەبانى سەرۆکى شاندى دانوستانکارى هەرێم لەلێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان لەکاتى گەیشتنى شاندى هەرێم بە پەرلەمانى عێراق وتى "دەمانەوێت بگەینە رێککەوتنێک کە قابیلى جێبەجێکردن بێت".