گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکێتی لەدژی پارتی کردی

ناس وردەكاریی و هۆكاری بەریەككەوتنی دوێنێی پارتی و یەكێتی ئاشكرا دەكات

2021.03.19 - 10:11
App store icon Play store icon Play store icon
ناس وردەكاریی و هۆكاری بەریەككەوتنی دوێنێی پارتی و یەكێتی ئاشكرا دەكات

ناس کورد-

پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی تێپەڕاند كە بەشێكە لە پێداویستییەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام ململانێی هێزە كوردییەكان بەتایبەت پارتی و یەكێتی دوو هەڵویستی كوردی دژبەیەكی بەرهەمهێنا لەكاتی دەنگدان لەسەری.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی بەدواداچوونەكانی "ناس كورد"، بایكۆتكردنی پەرلەمانتارانی پارتی و هاوپەیمانێتی هیوا و بەشداریكردنی پەڕلەمانتارانی یەكێتی لەدانیشتنی دەنگدانی شەوی پێنجشەممە (18ی ئازاری 2021) كە شەڕێكی میدیایی لابەلای بەدوای خۆیدا هێناوە، لە سێ دیدگای جیاوازەوە سەرچاوە دەگرن كە هۆكارە سەرەكییەكەشی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان و نەبوونی یەكدەنگییە لەسەر چۆنییەتی كاركردنی هێزە كوردییەكان لە پەرلەمانی فیدراڵی لە بەغدا.

 

فراكسیۆنی پارتی (25 كورسی) پێیانوایە هەڵگرتنی مافی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەرێم لە كاندیدكردنی دادوەر بۆ دادگا نوێیە فیدراڵییەكە، پیشێلكردنی مافی هەرێمی كوردستان و بچوككردنەوەی كاریگەریی و قورساییەتی وەك قەوارەیەكی دەستوری، بەم مانایەش چەند لێدوان و بەیاننامەیەك لە پەرلەمانتارانی پارتی و بەرپرسانیتری ئەو حیزبەوە بڵاوكراوەتەوە، بەڵام درەنگانێكی دوێنێ شەو عەرەفات كەرەم لە بارەگای بارزانییەوە هەندێك لە بایەخی ئەو پەرچەكردارانەی كەمكردەوە و لە تویتێكدا كە "ناس كورد" دیویەتی بەیاننامەی توندی فراكسیۆنی پارتی بە "پێشنیاز و ڕاسپاردە" دایە قەڵەم و ڕایگەیاند، ئەوە هەڵوێستی فەرمی نییە.

 

سەرباری ئەمەش هەڵمەتی میدیای فەرمی و سێبەری پارتی لەسەر بە نیشتمانی ناساندنی هەڵوێستی فراكسیۆنی پارتی و هێرشی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆسەر هەڵوێستی یەكێتی تا ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە هەر وەك خۆی ماوەتەوە.

 

ناس ئەوەشی زانیوە، پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكێتی (19 پەرلەڕمانتار) كە لەژێر شەپۆلی ڕەخنەی بەشداریكردندان لە دانیشتن و دەنگدان بە هەموارەكە، لە تاوتوێكردنی ناوخۆیی خۆیان و حزبەكەیاندا گەیشتوونەتە ئەو بڕیارەی كە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەرێم ڕووكارێكی یاسایی پارتی دیموكراتی كوردستانە و زیادكردنی ناوەكەی لە پڕۆژەیاساكەدا بەواتای بەخشینی كورسی دێت لە دادگای فیدراڵی بە پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبەر ئەوە لارییان نەبووە لە گۆڕینی ناوی ئەم دامەزراوەیەی هەرێم بۆ "نوێنەرایەتیكردنی هەرێمەكان" لە ناو دەقی یاساكەدا، ئەمەش دەرگا دەكاتەوە بۆ ئەوەی دادوەر لە پشكی یەكێتی و پارێزگای سلێمانی كاندید بكرێت بۆ دادگای فیدراڵی و تەنها لە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەولێرەوە نەبێت.

 

بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی ناس، هەندێ پەرلەمانتاری یەكێتی لە تاوتوێكردنە ناوخۆییەكاندا نیگەران بوون لەوەی بەشداربن لە هەڵگرتنی ناوی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەرێم كە لەڕووی تێورییەوە مافێكی دەستورییە، بەڵام لەبەر بارودۆخی سیاسی و لێكەوتەی كێشەكانیان لەگەڵ پارتی بەتایبەت بە ڕیككەوتنەكانی ئەمدواییە، چاریتریان نەبووە بۆ هەوڵی مسۆگەركردنی پشكی حیزبەكەیان جگە لە بەشداریكردن و دەنگدان. لەدوای ئەوەش پەرلەمانتارانی یەكێتی وەها وێنای بارودۆخەكەیان كرد كە ئەمری واقیعە و كورد كارتی بەهێزی نییە، جگە لەوەش تیشكیان خستەسەر لایەنە باشەكانی ئەم هەموارە بەراورد بەیاساكەیتر كە خەریكبوو پیاوانی ئاینی بكاتە ئەندام لە دادگاكە.

 

جگە لە لابردنی مافی ئەنجومەنی دادوەری، ڕەشنوسی یاساكە، دەستی بۆ هەندێ لە دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆماریش بردووە لە دەركردنی مەرسومی كۆماریی و دەرفەتی ئەوەشی ڕەخساندووە كە ئەگەر ئەوە نەبوو ئەوا دادوەرەكان لەبەردەم سەرۆكی پەڕلەماندا سوێند بخۆن، بەڵام ئەوەی جێگای تیڕامانە هیچ پەرلەمانتارێكی یەكێتی تانەیان لەمە نەداوە لەكاتێكدا سەرۆكایەتی كۆمار پشكی ئەم حیزبەیە، لەناو كوردەكانیش ئەوەی ڕەخنەی لەمەگرتووە ڕێبوار هادی سەرۆكی لیژنەی یاساییە كە لەفراكسیۆنی پارتییە.

 

هاوپەیمانێتی هیوا باس لەوەدەكەن ئەوەی تێپەڕێنراوە دژ دەوەستێتەوە لەگەڵ دیدگای ئەوان بۆ حوكمڕانی لەبەر ئەوەش بریاری بایكۆتكردنیان داوە، ئەمەش ڕێكەوتێكی جێگە سەرنج بوو كە فراكسیۆنێكی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی كە نوێنەرایەتی دەسەڵات دەكات لەهەرێمی كوردستان هاو هەڵوێست بن.

 

لەدەرەوەی ئەم سێ لایەنەش هەندێ یاساناس و چاودێری كورد باس لەوە دەكەن یاساكە بە نادەستوری تیپەرێنراوە و لەجیاتی دوو لەسەر سێ پشتی بەزۆرینە بەستووە، هەروەها ئەو نەرێتەی قووڵ كردووەتەوە كە زۆرینە دەكاتە پێودانگ و ئەوەش لەداهاتوودا لەبەرژەوەندی پێكهاتەی كورد نییە كە كەمینەیە بەراورد بە شیعەكان و عەرەبەكان پێكەوە.

 

پاش دەركردنی یاساكەش بڕیارە ڕۆژی دووشەممە (22 ئازار) ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق تاوتوێی پەیكەری نوێی دادگای باڵای فیدراڵی بكات كە باڵاترین دەزگای فیدراڵی عێراقە، بەمەش شەڕومشتومڕی پێكهێنانی دادگای فیدراڵی بۆ 2023 دواخرا، جگە لەوەش بەشێك لە پێداویستییەكانی سازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە فەراهەم كرا كە بەرنامەی كاری حكومەتی ئێستای عێراقە بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی.