گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

پەرلەمانتارێک بڕیارێکی کۆبونەوەکەى ئەمشەوى ماڵى سەرۆک کۆمار ئاشکرا دەکات 

2021.03.17 - 23:22
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارێک بڕیارێکی کۆبونەوەکەى ئەمشەوى ماڵى سەرۆک کۆمار ئاشکرا دەکات 

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

پەرلەمانتارێکی بەشداربوو لەکۆبوونەوەکەی ئەمشەوى شاندی حکومەتى هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردییەکان لە ماڵی سەرۆک کۆمار لەبەغدا ئاشکرایدەکات، لە کۆبوونەوەکەدا بریاردرا کە هەموو فراکسیۆنە کوردییەکان کۆدەنگ بن لەکاتی تاوتوێکردنی پرسی بودجە و یاسای دادگای فیدڕاڵی، ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەکی هەماهەنگی تایبەت بەو  بابەتە پێکهێنراوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جەمال کۆچەر، ئەندامى پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو( 17ی ئازاری 2021) لە لێدوانێکیدا بۆ"ناس کورد" ڕایگەیاند "لە کۆبوونەوەکەدا بریاردرا کە هەموو فراکسیۆنە کوردییەکان کۆدەنگ بن لە کاتی تاوتوێکردنی پرسی بودجە و یاسای دادگای فیدڕاڵی".

 

ئاماژەی بەوەشکرد "لیژنەیەکی هەماهەنگی تایبەت بەو پرسە لەژمارەیەک سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکانی ناو پەرلەمان پێکهێنراوە".

 

جمال کۆچەر بەدوریشی زانی سبەی لایەنەکانی ناو پەرلەمانی عێراق بگەن بە ڕێککەوتن و هەردوو یاساکە پەسەند بکەن. 

 

وتیشی" پرسەکە ئاڵۆزە و لەو بڕوایەدا نیم ئەو دوو بابەتە بەمزوانە ڕێچکەی یاسایی خۆیان بگرن و تێپەڕبن، چونکە بۆچوونەکان لەیەکەوە نزیک نین".

 

ئەمشەو (17ی ئازاری 2021) مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندی حکومەتى هەرێمی کوردستان و لایەنە کوردییەکان لەماڵی سەرۆک کۆمارلە بەغدا کۆبوونەوە بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە ئاڵۆزە کە ئێستا لەناو پەرلەمانی عێراق سەریهەڵداوە کە لە ئاکامدا بووەتە دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە.

 

لەمیانەی کۆبونەوەکەدا، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند "پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا دەبێت لەسەر بنەمای دەستوری ئێستا بێت، کورد پێکهاتەیەکی سەرەکی کۆمەڵگای عێراقە، بەدەست ئاوارەبوون، نەبوونی و شەڕی لەناوبردنەوە ناڵاندویانە.

 

وتیشی "پێدەچێت دەستورلە دید و راڤەکردنیدا لێکدانەوەی جیاوازی بۆ بکرێت، بەڵام لەکۆتایدا دەبێت پرسەکان چارەسەر بکەین، ئەم پەیوەندییە کە ئێستا هەیە  ناتەندروستە پڕە لەکێشە، بۆیە چیتر شیاوی ئەوە نییە  ئەم دۆخەی ئێستا پێ تەواو بکرێت".

 

سەرۆک کۆمار جەختیلەوەکردەوە "پێویستە گفتۆگۆکی نیشتمانی بەشێوەیەکی  بنچینەیی ئەو کێشانە چارەسەر بکات".

 

پێشتر موسەننا ئەمین، ئەندامى پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی هیوا (17ی ئازاری 2021) لەلێدوانێکدا بۆ"ناس کورد" لە بارەی کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندەکەی حکومەتى هەرێم و لایەنە کوردییەکان لە ماڵی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە شاری بەغدا ڕایگەیاند "بودجەی گشتی عێراق زیاد لە سنور وادەی خۆی دواکەوتووە، کێشەکە ئێستا لەنێوان لایەنە عەرەبییەکان و شیعییەکاندایە، پرسی یاسای دادگای فیدراڵیان بەستووەتە بە پرسی تێپەڕاندنی بودجە".

 

ئەمین ئەوەشی خستەڕوو "لەئێستادا پشکی هەرێمی کوردستان لەبودجە نەبووتە ڕێگر لەبەردەم پەسەندکردنی بوجە، بەڵکو سەرهەڵدانی ئەو کێشەیە دەگەرێتەوە بۆ سوربوونی ڕەوتی سەدر لە گرێدانی پرسی بودجە و تێپەڕاندنی بە یاسای دادگای فیدڕاڵییەوە".

 

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد "دۆخی سیاسی ناو پەرلەمان لەئێستادا ئاڵۆزە،  بودجە زیاد لەسنوری خۆی دواکەوتووە، بۆیە هەوڵ دەدرێت ڕێگە چارەیەک بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە بدۆزرێتەوە".