کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە دادگایەکی عێراق سزای لەسێدارەدانی بۆ دوو چەکداری داعشی بە رەگەز فەڕەنسی دەرکردووە. . ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی ئایاری 2019 ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی دادوەری عێراقەوە بڵاویکردەوە، دوو چەکداری دیکەی داعشی بیانی کە بەرەگەز فەڕەنسین سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. . بەوپێیەش بێت تا ئێستا 9 چەکداری داعشی فەڕەنسی لە عێراق سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، پێشتریش حکومەتی فەڕەنسا لەبارەوە کاردانەوەی نیشانداوە. . ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند لەگەڵ ئەوەی رێز لەسەروەری عێراق دەگرێت بەڵام دژی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانە و داوای کرد دادگا سزاکەیان بۆ زیندانی هەمیشەیی بگۆڕێت. . حکومەتی عێراق لە ئیستادا دەستی کردووە بە دادگایی کردنی چەکدارانی داعش و لەنێوانیادا 14 چەکداری بەرەگەز فەڕەنسی بونیان هەیە، چەکدارە داعشە فەڕەنسیەکان پێشتر لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە ڕادەستی عێراق کراونەتەوە. . هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێن، پێشتر 280 چەکداریان ڕادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق کردەوە کە زۆربەیان چەکداری بیانین. . هەفتەی پێشوو جان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەبارەوە ڕایگەیاند لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق گفتوگۆ دەکەن بۆهەموارکردنەوەی بڕیارەکەی دادگا و گۆڕینی بۆ سزای زیندانی هەمیشەیی. . هەروەها وتی لەڕێگەی کونسوڵگەری و نوێنەرایەتیەکانیەوە پارێزەریان بۆ ئەو چەکدارانە دابین کردووە تا لەپڕۆسەی دادگاییکردنەکە دڵنیابنەوە. . پێشتر فەڕەنسا ڕەتی کردبوویەوە ئەو چەکدارانەی کە ئەندامی ڕێکخراوی داعش بوون و دەستگیرکراون وەریان بگرێتەوە. . بڕیاری لەسێدارەدانی چەکدارە فەڕەنسیەکان کاردانەوەی ژمارەیەک ڕێکخراوی پاراستنی مافەکانی مرۆڤی لە فەڕەنسا بەدوای خۆیدا هێناوە ئەوەش فشاری لەسەر حکومەتی ئەو وڵاتە دروستکردووە. .