گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

’’مەترسی ئەمنى و بەلاڕێدابردن’’.. وردەکاریی گواستنەوەى دۆسیەى غالب محەمەد بۆ بەغدا

2021.03.17 - 14:19
App store icon Play store icon Play store icon
’’مەترسی ئەمنى و بەلاڕێدابردن’’.. وردەکاریی گواستنەوەى دۆسیەى غالب محەمەد بۆ بەغدا

ناس کورد-
پارێزەرى غالب محەمەد بە فەرمى داوای گواستنەوەى دۆسیەکەى بۆ بەغدا پێشکەشى دادگاى پێداچوونەوە کرد بە پاساوى "مەترسی بەلاڕێدابردنى" دۆسیەکە لەهەرێمى کوردستان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

وریا محەمەد، پارێزەری غالب محەمەد ئەمڕۆ چوارشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" ئاماژەى بەوەکرد، بەپێی ماددەى 55 لەیاساى بنەما دادییەکان داوایەکیان پێشکەشى دادگاى پێداچوونەوە کردووە، کە تایبەتە بە بوونى مەترسی ئەمنى و بەلاڕێدابردنى کەیسەکە.

 

وتیشى، "دەمانەوێت لەو رێگەیەوە دۆسیەکە لە دادگاى لێکۆڵینەوەى سلێمانییەوە بگوازینەوە بۆ ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى عێراق".

 

دۆسیەکەى غالب محەمەد لەدادگاى سلێمانى بەپێی ماددەى 405 ى تایبەت بە کوشتن لێکۆڵینەوەى لەسەر دەکرێت، بەڵام هێشتا تۆمەتبارەکە دەستگیرنەکراوە، لەکاتێکدا پۆلیس لەرێگەى کامێراى چاودێرییەوە ناسیویەتییەوە.

 

وریا محەمەد وتى، "هەرکاتێک دادگاى تەمیز بڕیاریدا دۆسیەکە بگوازێتەوە بەغدا، ئەوکات قسەى خۆمان دەبێت لەبارەى ئەوەى داواى گۆڕینى ماددەکە دەکەین یاخود نا".

 

رۆژى 11 ى ئازارى 2021 سێ پەرلەمانتار بەنوێنەرایەتی هاوپەیمانی هیوای کوردستانی نوسراوی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیان رادەستی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق كرد لەبارەی گواستنەوەی كەیسی پەلاماردانی پەرلەمانتار غالب محەمەد بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی فیدراڵی لەبارەیەوە بگیرێتەبەر.      

 

غالب محەمەد، پەرلەمانتارى هاوپەیمانى هیوا ( 26ى شوباتى 2021) لەبەردەم ماڵەکەى خۆى لە سلێمانى بە چەقۆ هێرشیکرایە سەر، ئەوەش کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە.

 

لەدوای هێرشەکە هەواڵی دەستگیرکردنی سێ کەس لەسەر کەیسەکە بڵاوبووەوە و دواتریش هەواڵی ئازادکردنیان بڵاوبووەوە، بەڵام هیچ یەک لە پۆلیس و ئاسایشی سلێمانی تاوەکو ئێستا نە لەسەر دەستگیرکردن و نە لەسەر ئازادکردنی ئەو سێ کەس هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.