ناس کورد-
شاندێکی هاوپەیمانیی هیوا لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک لە باڵیۆزانی وڵاتانی ئەوروپا و کەنەدا کۆبوونەوە و کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان و هەوڵی تیرۆرکردنی غالب محەمەدیان پێ گەیاندن، ئەندامێکی شاندەکە دەڵێت، باڵیۆزانی ئەو وڵاتانە پێیان وتوون، لەبارەی پرسی ئازادی ڕادەڕبڕینەوە پەیامیان گەیاندووەتە حکومەتی هەرێم و کاری زیاتریشی لەسەر دەکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمرۆ سێشەممە 16 ی ئاداری 2021، هەریەک لەپەرلەمانتارانی پەرلەمانی عێراق، غالب محەمەد، کاوە محەمەد و سەرکەوت شەمسەدین وەک نوێنەرانی هاوپەیمانی هیوا و باڵیۆزی ژمارەیەک لەوڵاتانی ئەوروپا و کەنەدا کۆبوونەوە.
سەرکەوت شەمسەدین لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، " گفتوگۆی چڕ و جدیمان لەسەر چەندین تەوەری گرنگ ئەنجامدا، لەوانە؛ هەوڵی تیرۆرکردنی (دکتۆر غالب محەمەد) و دەستێوەردانی حزبی لە رەوتی لێکۆڵینەوەکان، دەستگیرکردن و سزادانی ئازادیخوازانی بادینان و بەکارهێنانی دادگا دژی رۆژنامەنووسان و چالاکوانان و پرسی دیموکراسی و هەڵبژاردنەکان و یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی و بودجە، ئەوان مەبەستیان بوو بۆچوون و هەڵوێستی هاوپەیمانی هیوا لەبارەیانەوە بزانن و لەلایەن نوێنەرانی هاوپەیمانی هیواوە بەوردی روونکرانەوە . "
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە گفتوگۆکاندا شاندی هاوپەیمانی هیوا، پەیامی ئازادیخوازانی بە باڵیۆزانی ئەو وڵاتانە گەیاند و ئەوانیش روونیاکردەوە کە پشتیوانی لە ڕای ئازاد و ئازادیی کاری رۆژنامەنوسی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکەن و ئەو پەیامەشیان بەدەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان گەیاندووە و لەمەودواش کاری زیاتری لەسەردەکەن. "
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هەروەها شاندی هاوپەیمانی هیوا ئەمرۆ رۆژی یادی 16 ی ئادار و کارەساتی هەڵەبجەیان بەبیرهێنایەوە ئەویش بە کارکردن بۆ پارێزگای هەڵەبجە و داوایانکرد کە ئەوروپا و کەنەدا پرۆژەی ستراتیژی لە هەڵەبجە ئەنجامبدەن کە پارێزگاکە پێویستی پێیەتی، خۆشبەختانە دڵنیاییاندا کە ئەوە دەخەنە بەرنامەی کار و پرۆژەکانیان و بۆ زانینی زیاتری پێویستیی پارێزگاکەش، سەردانی پارێزگای هەڵەبجە دەکەن."