ناس کورد-
فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و ئیسپانیا بەکارهێنانى ڤاکسینەکەى زانکۆى ئۆکسفۆردیان ڕاگرت، ئەوەش دواى دەرکەوتنى کاریگەرى نەرێنى لەسەر بەشێک لەوانەى کوتراون بە ڤاکسینەکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکى فەڕەنسا ئەمڕۆ یەکشەممە (15ی ئازاری 2021) ڕایگەیاند، بەکارهێنانى ڤاکسینى ئەسترازینیکایان ڕاگرتووە لەسەر ڕاسپاردەى وەزیرى تەندروستیی وڵاتەکەى وەک گرتنەبەرى رێوشوێنى خۆپارێزى.
وتیشى، بڕیارەکە کارادەبێت تا ئەوکاتەى ئاژانسى دەرمانى ئەوروپى بۆچوونى خۆى لەو بارەیەوە دەردەبرێت.
لاى خۆیەوە، ئاژانسى دەرمانى ئیتاڵى بڕیاریدا بە قەدەغەکردنى بەکارهێنانى ڤاکسینەکە تا ئاژانسى دەرمانى ئەوروپى لەبارەى بەکارهێنانییەوە دڵنیایان دەکاتەوە.
جگە لەو سێ وڵاتە، چەند وڵاتێکى دیکە بەکارهێنانى ئەو ڤاکسینەیان راگرتووە، دواى ئەوەى چەند کاریگەرییەک لەسەر ئەو کەسانە دەرکەوت کە ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە.
ئەو وڵاتانەى کە بەکارهێنانى ڤاکسینەکەیان راگرتووە پێکهاتوون لە هۆڵەندا، ئیرلەندا، نەرویج، ئایسلەندا، بولگاریا.
دوو ڕۆژ لەمەوپێش بەرپرسانی تەندروستیی نەرویج ئاشکرایان کرد، سێ کارمەندی تەندروستی وڵاتەکەیان دوای وەرگرتنی ڤاکسینی ئەسترازينيکا دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا توشی خوێنبەربوون وجەڵتەی خوێن بوون، بۆیە لە ئێستادا داخڵی نەخوشخانە کراون بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.
هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵیی "ڕۆیتەرز" کە "ناس کورد" بە دواداچوونی بۆ کردووە (14ی ئازاری2021) دەڵێت، "سێ کارمەندی تەندروستی لە نەرویج دوای ڤاکسینی ئەسترازێنێکا توشی خوێنبەربوون وجەڵتەی خوێن بون، کە ئەوەش وایکردووە داخڵی نەخوشخانە بن بۆ وەرگرتنی چارەسەر".