ناس کورد-
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکى حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ساڵانە لە بۆنەکاندا "هەموو لایەکمان پەیام و راگەیەنراوی پڕ لە قسە و دروشم بڵاودەکەینەوە، دەپرسم ئەم هەموو بەیاننامە و بڵاوکراوانە چییان لێ سەوز بووە؟"
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی:
رۆژمێری ئێمەی کورد پڕە لە یادەوەری ئازار و برین و کارەسات کە هەر جارەی دوژمنێک جەستەی نیشتمانی ئێمەی خەڵتانی خوێن کردووە.
ساڵانە لە هەرکام لەو بۆنە جەرگبڕانەدا هەموو لایەکمان پەیام و راگەیەنراوی پڕ لە قسە و دروشم بڵاودەکەینەوە و بە رواڵەت یادی شەهیدەکانمان دەکەینەوە.
دەپرسم ئەم هەموو بەیاننامە و بڵاوکراوانە چییان لێ سەوز بووە؟ هەر بە ڕاست ئەم هەموو شەهید و خوێن و برینانە بەس نەبوون بۆ ئەوەی بەئاگامان بهێننەوە لەئاست پرس و هێڵە سوورە نیشتمانییەکان تاکو بیانپارێزین؟
سبەینێ یادی کیمیابارانی هەڵەبجەیە؛ ئەگەر بڕیارە راستگۆ بین لەگەڵ خوێنی شەهیدان و قوربانییەکانی گەلەکەمان، با لەبری قسە و دروشمی دووبارە، سبەینێ لە هەڵەبجەوە بڕیار بدەین لە رۆژی ٤/١٤ کە یادی شاڵاوەکانی ئەنفالە، بەرپرسان و کەسە یەکەمەکانی هەموو حیزبەکان پێکەوە لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ کۆببینەوە و بەیەکەوە یادی هەموو شەهیدانی کوردستان؛ شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفال و شەنگال و بارزانییەکان و فەیلییەکان و سەرجەم شەهیدان و ئەنفالکراوانی رێگای رزگاریی کوردستان بکەینەوە و یادەکە هاندەرمان بێت بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ژیانی سیاسی.
ئەگەر ئەمە بکەین هەم خەیاڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەم روحی شەهیدانمان ئاسودە دەکەین.