ناس کورد-
ئەندامێکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، هەرچەندە پیشتر بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین نایاسایی بووە و ئیستغلالکردنی دۆخەکە بووە لەلایەن بازرگانانی سوتەمەنی، بەڵام لە ئێستادا بەرزبوونەوەی نرخەکە پەیوەندی بە بۆرسەی جیهانییەوە هەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جیهاد حەسەن، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە لیدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (15ی ئازاری 2021) ڕایگەیاند، لە ئێستادا ئەو نرخەی دیاریکراوە پەیوەندی بە بازاڕی بۆرسەوە هەیەو نرخەکەی گەیشتووەتە نرخێکی یاسایی.
باسی لەوەشکرد، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە کوالێتی ئەو بەنزینەیە کە لەلایەن پاڵاوگە نایاساییەکانەوە بەرهەمدەهێنریت یاخود تێکەڵکردنی بەنزینە لەگەڵ مادە مەترسیدارەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئۆکتانی بەنزینەکە، بۆ ئەوەش چاودێری دۆخەکە دەکەین و هەروەها لیژنەکانی چاوێری لە پارێزگاکان بەدواداچوونی بەردەوام دەکەن لەوبارەیەوە.
سەبارەت بەوەی دەوترێت ڕەنگە لە ڕۆژانی داهاتوو جارێکی دیکە نرخی بەنزین زیاتر بەرز ببێتەوە؟ ئەندامەکەی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەوەی وت، "لیژنەکەمان لە پەرلەمانی کوردستان بەردەوام چاودێری دۆخەکە دەکەین و جگە لەوەش قسەمان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە لە رێگەی لیژنەکانەوە لە پارێزگاکان بەدواداچوونی بەردەوامییان هەبێت و ڕێگری لەهەر بەرز بوونەوەیەکی نایاسایی نرخی بەنزین بگرن".
لە هەفتەی ڕابردوو نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکان جارێکی دیکە بەرزبووەتەوەو بەپێی بەدواداچوونەکانی "ناس کورد" لە بەنزینخانەکانی پارێزگای هەولێر نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ 600 دینارەو لە پارێزگاکانی دیکە یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ 575 دینارەو بەوەش بەراورد بە ڕۆژانی پیشوو نرخی یەک لیتر بەنزین 50 بۆ 75 دینار زیادیکردووە.