گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

ژمارەیەک لایەنى سیاسى داواى تێپەڕاندنى پڕۆژە یاسای بودجە بەزۆرینە دەکەن

2021.03.15 - 14:53
App store icon Play store icon Play store icon
ژمارەیەک لایەنى سیاسى داواى تێپەڕاندنى پڕۆژە یاسای بودجە بەزۆرینە دەکەن

ناس کورد- 

ناکۆکییەکان لەسەر پڕۆژە یاساى بودجە بەردەوامە و چەند لایەنێک داواى تێپەڕاندنى بەزۆرینەى دەنگ دەکەن و پەرلەمانتارێکى هاوپەیمانى نەهجى نیشتیمانیش دەڵێت، گەر هەموار نەکرێتەوە ئەوا بایکۆتى دەکەن، ناس کوردیش چەند سیناریۆیەک لەبارەى چارەنوسى ئەو پڕۆژەیەوە دەخاتەڕوو.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

حوسێن عەقابى، ئەندامى لیژنەى یاسایى لەپەرلەمانى عێراق لەلێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەى سەباح کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە (15ى ئادارى 2021) ڕایگەیاندووە، وەکو فراکسیۆنى نەهجى نیشتیمانى گەر بێتو بڕگەى چل کە خاڵێکى گەوهەرەیە لەبودجەکەدا و کە پێشتریش قىسەیان لەبارەەوە کردووە، هەموار نەکرێتەوە ئەوا بایکۆتى دانیشتنى دەنگدان لەسەر بودجەکە دەکەن.

 

عەقابى ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، دیارترین داواکاریان ئەوەیە کە نرخى دراو وەکو جارانى لێبکرێتەوە ئەوەش بەهۆى ئەو زیانانەى کە بەرهاوڵاتیان دەکەون بەتایبەتى ئەوانەى کە داهاتێکى سنورداریان هەیە.

 

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، یەکێکى تر لەداواکاریەکانیان جەختکردنەوەیە لەهەڵوەشاندنەوەى ئەو مادەیە کە ڕێگە بەپشککردنى کەرتەکانى وزە دەدات لەوانە نەوت و گاز و کارەبا ئەوە سەربارى هەڵوەشاندنەوەى مادەکانى 41 و 42 کە تایبەتە بەتاپۆکردنى زەوییە کشتوکاڵیەکان و هەروەها هەڵوەشاندنەوەى مادەى 47 بۆ فرۆشتنى موڵک و ماڵى دەوڵەت.

 

پێشتریش ناس کورد چەند سینارۆیەکى ئاشکرا کرد بۆ تێپەڕاندن و دواخستنى زیاترى بودجە و ئەوەشى خستبووە ڕوو، هەرچەندە سەرۆكی پەڕلەمانی عێراق لەوەڵامی یاداشتی 150 پەرلەماندا ئەمڕۆی دیاری كردبوو بۆ دەنگدان لەسەر بودجەی 2021، بەڵام جارێكیتر و بۆ كاتێكیتر دواخرا لەكاتێكدا سێ هەفتە زیاتر رادەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە و سێ مانگ و نیویش بەسەر ساڵی دارایی نوێدا گوزەری كردووە.  

  

دوو سیناریۆكەی بودجە  

  

سەرچاوەكانی "ناس كورد" لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئاماژە بەوەدەكەن پاش درێژەكێشانی مشتومڕەكانی پەیوەست بەبودجە كە 302 كۆبوونەوە و میواندارییكردنی تەنها لەلیژنەی دارایی بۆكراوە، ئەگەرێك سەریهەڵداوە كە ئەمساڵ بودجە هەر پەسەند نەكرێت و 2021 هاوشێوەی ساڵەكانی 2014 و 2020 عێراق بەبێ بودجەی پەسەندكرا و خەملێنراو بمێنێتەوە.  

  

ئەوانەی ئەم سیناریۆیە بەرێتیچوو دەزانن ئاماژە بەوە دەكەن لە وەرزی بانگەشەی هەڵبژاردندا (بڕیارە مانگی 10 ساز بكرێت)، دروستكردنی كۆدەنگی و زۆرینە بۆ تێپەڕاندنی یاسایەكی هەستیاری وەك بودجە كارێكی ئاسان نییە، بەتایبەت یاسای بودجەی ئەمساڵ سروشتی وایە "سك گوشینە"، لەلایەك دامەزراندن و هەلی كاری لە كەرتی گشتی تێدا نییە، لەلاكەیتر چەسپاندنی زیاتری یاسایی نرخی نوێی دۆلاری تێدایە (145 هەزار = 100$)، هیچ لەمانەش لەبەرژەوەندی بانگەشەی لیستە سیاسییەكان نییە.  

  

لە لایەكیترەوە بۆچوونێك لەناو لیستە شیعەكان هەیە كە تێپەڕبوونی بودجە لەبەرژەوەندی حكومەتی سەرۆك وەزیران مستەفا كازمییە و هەندێ لەو لیستانە كاركردنیان بە یاسای ئیدارەی دارایی (1 / 12) پێ باشترە لەوەی بودجە پەسەند بكرێت لەكاتێكدا زۆربەی سیاسەتە ئابوریی و نەختینەییەكان و ناوبانگی دارایی دەوڵەتان بە بودجەكانیانەوە پەیوەستە.  

  

ناس ئەوەشی زانیوە، سیناریۆی دووەمی بودجە كە تێپەڕاندنە لەم هەفتەیە یان دواتر، لەنێوان دوو بژاردەدایە: كە یان بە كۆدەنگی و رێككەوتنی سیاسییە كە ئەوەیان بژاردەیەكی قورسە، یان بەزۆرینەیەكی پەرلەمانی دەبێت، ئەمەشیان رێتێچووە.  

  

لە سیناریۆی دووەمیشدا كە زۆرینەیە ئەو لیست و فراكسیۆنانەی زۆرترین چاویان لەسەرە بچنەژێر باری دەنگدان بۆ بودجە، هاوپەیمانێتی سائیرونی موقتەدا سەدر و عراقیونی عەممار حەكیم و فراكسیۆنەكانی پێكهاتەكانی سوننە و كوردن، هەندێك هەوڵیش لەگەڵ فەتحی حەشدی شەعبی هەیە. لەدەرەوەی ئەوانیش هەندێ وردە لیستی شیعە (فەزیلە بەنمونە) پێداگریی لەسەر ئەوە دەكەن كە 40 مەرجیان بۆ تێپەڕاندنی بودجە هەیە بەشێك لەو مەرجانەش قورسن وەك دابەزاندنی بەهای دۆلار یان هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نەوتییەكان و ...هتد.  

  

گرێی پشكی هەرێم  

  

نیمچە كۆدەنگییەك لەنێوان پەرلەمانتاراندا هەیە كە مادەی 11 ی ڕەشنووسی بودجەی 2021 كە تایبەتە بە پشكی هەرێم جێگای ڕەزامەندیی فراكسیۆنە شیعەكان نییە، چونكە پێیانوایە ئەم بڕگەیە كە باس لە ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیلی نەوتی ڕۆژانە دەكات، بەرامبەر خەرجكردنی پشكی هەرێم، زۆر خاتری حكومەتی هەرێم دەگرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ دەقێكی جێگرەوەیان بۆ ئەوە پێشنیاز نەكردووە.  

  

سەرچاوە پەرلەمانی و سیاسییەكان ئەوەیان بۆ "ناس" پشتڕاستكردەوە لەبری 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە ئاماژەكان بەرەو دیاریكردنی 460 هەزار بەرمیل دەچن لەگەڵ گێڕانەوەی خەرجی بەرهەمهێنان و تیچوون بۆ حكومەتی هەرێم، ئەم بژاردەیەش ئەگەرچی بەكردەیی ڕەنگە هەر 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بكات، بەڵام لەڕووی تیۆرییەوە دەسكەوتی گێڕانەوەی دۆسیەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی تێدایە بە كۆمپانیای سۆمۆ كە نوێنەرایەتی دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵ دەكات لە كێشەی هەڵپەسێردراوی نەوتدا لەنێوان هەولێر و بەغدا.   

  

هەڵوێستی لایەنە كوردییەكان  

  

سەرجەم فراكسیۆنە كوردییەكان چەندجارێك پشتیوانی خۆیان بۆ دەقەكەی حكومەتی مستەفا كازمی راگەیاندووە (مادەی 11) كە باس لە ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت دەكات، بەڵام "ناس" ئەوەی زانیوە زیاتر لە 30 پەرلەمانتاری كورد ئامادەیی ئەوەیان هەیە پشتیوانی لەدەقیتری جێگرەوە بكەن بەمەرجێك دادگەرانە و دەستوری بێت و قابیلی جێبەجێكردن بێت، ئەم ئامادەییەش كە زیاتر پەرلەمانتارانی یەكێتی و هاوپەیمانی هیوای كوردستانی پێكدێن، دەڕژێتە ئەگەری تێپەڕاندنی بودجە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران كە یەكێكە لەئەگەر و بژاردە بەردەستەكان و بڕیارە لەم هەفتەیەدا یەكلایی ببێتەوە.