گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیوەندى بەبەشیر حەدادەوە هەیە

ئاڵا تاڵەبانى هۆکارى دواخستنى دەنگدان لەسەر بودجەى ئاشکراکرد

2021.03.14 - 22:14
App store icon Play store icon Play store icon
ئاڵا تاڵەبانى هۆکارى دواخستنى دەنگدان لەسەر بودجەى ئاشکراکرد

ناس کورد-

ئاڵا تاڵەبانى رایگەیاند، سەرۆکى پەرلەمان پێی وتووە دواخستنى دەنگدان لەسەر بودجە لەسەر داواى بەشیر حەداد بووە، ئاشکراشیکرد داوایەکیان رەتکردووەتەوە لەبارەى دواخستنى دەنگدان لەسەر ئەو ماددانەى ناکۆکیان لەسەرە لەناویاندا ئەوەى پەیوەندیدارە بە هەرێم.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاڵا تاڵەبانى سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ میدیاى حزبەکەى کە "ناس کورد" بینیوویەتى رایگەیاند، لەکۆبوونەوەى سەرۆکى فراکسیۆنەکاندا پرسیارى لە محەمەد حەلبوسى کردووە کە بۆچى پڕۆژەى بودجە نەخراوەتە بەرنامەى کارى کۆبوونەوەى سبەینێوە، ئەویش پێی وتووە لەسەر داواى بەشیر حەداد ئەو پرسەى داخستووە، "ئەوەش بەلاى ئەوانەوە "سەیر بووە".

 

وتیشى "ئێمە ئاگادارى ئەو هەوڵ و بڕیارەى جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمان نین لەو بارەیەوە".

 

ئاڵا تاڵەبانى باسى لەوەشکرد، ئەوان وتویانە ئامادەن بۆ ئەوەى سبەینێ پرۆژەکە بخرێتە دەنگدان تا دەنگ لەسەر دەقە حکومییەکە بکرێت "داوادەکەین ئەو پرسە نەخرێتە ئەستۆى حکومەتى هەرێم و فراکسیۆنە کوردییەکان".

 

دەشڵێت، ئەوان داوایەکى لایەنەکانى دیکەیان رەتکردووەتەوە بۆ هێشتنەوەى ئەو ماددانەى جێگەى ناکۆکین "ئێمە نامانەوێت ئەو بڕگەیەى کورد بخرێتە ئاخر شەو و ئاخر کاتژمێر و بوارى دانوستان نەدەن، بۆیە سورین لەسەر ئەوەى کە بودجە دەنگى لەسەر درا ئەو مادانەش دەنگى لەسەر بدرێت ئەگەر ڕێککەوتن کرابێت یاخود نا".

 

پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ کارنامەى دانیشتنى سبەینێی بڵاوکردەوە و پرسی دەنگدان لەسەر بودجەى تێدا نییە، لەکاتێکدا پێشتر سەرۆکى پەرلەمان رایگەیاندبوو دەخرێتە کارنامەى کۆبوونەوەکەوە.    

 

شیروان میرزا ئەندمى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لیژنەکە دوا کۆبوونەوە دەکات بۆ یەکلاییکردنەوەى ناکۆکییەکان لەسەر پڕۆژەى بودجە، دانەنانى پڕۆژەکەش بۆ دەنگدان لەسەرى بەهۆى چارەسەرنەکردنى کێشەکانەوە بووە لەسەر پرۆژەکە.  

 

شیروان میرزا ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" رایگەیاند، هێشتا کێشەکان لەسەر ماددەى 11 ى پڕۆژەکە و چەند ماددەیەکى دیکە چارەسەر نەکراون، لیژنەى دارایی لەرۆژانى داهاتوودا دوایین کۆبوونەوە دەکات بۆ یەکلایکردنەوەیان.  

  

وتیشى "دانەنانى بڕگەى تایبەت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە لەدانیشتنى سبەینێ، دوایین دەرفەتە لەبەردەم لیژنەى دارایی و لایەنە ناکۆکەکان، تا کێشەکانیان چارەسەر بکەن، پێش ئەوەى پڕۆژەکە بخرێتە دەنگدانەوە".  

  

لەبارەى ئەگەرى چارەسەرى کێشەى تایبەت بە پشکى هەرێم، شیروان میرزا باسى لەوەکرد، ئەگەرچى هێشتا پێشنیازێکى دیاریکراو نییە لەو بارەیەوە، بەڵام ئەو کێشەیەش چارەسەر دەکرێت.