گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دوا دەرفەت و دوا کۆبوونەوە’’

لیژنەى دارایی هۆکارى لابردنى بڕگەى دەنگدان لەسەر بودجە لەدانیشتنى پەرلەمان ئاشکرادەکات

2021.03.14 - 19:54
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەى دارایی هۆکارى لابردنى بڕگەى دەنگدان لەسەر بودجە لەدانیشتنى پەرلەمان ئاشکرادەکات

ناس کورد-

 

ئەندمێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لیژنەکە دوا کۆبوونەوە دەکات بۆ یەکلاییکردنەوەى ناکۆکییەکان لەسەر پڕۆژەى بودجە، دانەنانى پڕۆژەکەش بۆ دەنگدان لەسەرى بەهۆى چارەسەرنەکردنى کێشەکانەوە بووە لەسەر پرۆژەکە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شیروان میرزا ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" رایگەیاند، هێشتا کێشەکان لەسەر ماددەى 11 ى پڕۆژەکە و چەند ماددەیەکى دیکە چارەسەر نەکراون، لیژنەى دارایی لەرۆژانى داهاتوودا دوایین کۆبوونەوە دەکات بۆ یەکلایکردنەوەیان.

 

وتیشى "دانەنانى بڕگەى تایبەت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە لەدانیشتنى سبەینێ، دوایین دەرفەتە لەبەردەم لیژنەى دارایی و لایەنە ناکۆکەکان، تا کێشەکانیان چارەسەر بکەن، پێش ئەوەى پڕۆژەکە بخرێتە دەنگدانەوە".

 

لەبارەى ئەگەرى چارەسەرى کێشەى تایبەت بە پشکى هەرێم، شیروان میرزا باسى لەوەکرد، ئەگەرچى هێشتا پێشنیازێکى دیاریکراو نییە لەو بارەیەوە، بەڵام ئەو کێشەیەش چارەسەر دەکرێت.

 

پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ کارنامەى دانیشتنى سبەینێی بڵاوکردەوە و پرسی دەنگدان لەسەر بودجەى تێدا نییە، لەکاتێکدا پێشتر سەرۆکى پەرلەمان رایگەیاندبوو دەخرێتە کارنامەى کۆبوونەوەکەوە.  

  

کارنامەى کۆبوونەوەکە کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە لە نۆ خاڵ پێکهاتووە کە دیارترینیان تەواوکردنى دەنگدانە لەسەر پڕۆژە یاساى دادگاى فیدراڵى کە بەشێک لەفراکسیۆنەکان ناکۆکن لەسەرى.  

  

لەکارنامەکەدا دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساى بودجەى 2021 بوونى نییە، لەکاتێکدا پێشتر محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان رایگەیاندبوو رۆژى دووشەممە پڕۆژەکە لەدانیشتنى پەرلەماندا دەخرێتە دەنگدانەوە.