ناس کورد-
ژمارەیەک لەچالاکان و یاساناسانى سلێمانى گردبونەوەیەکیان بۆ پاڵپشتى زیندانى کراوانى بادینان ئەنجامدا و براى یەکێک لە سزادراوەکانیش رایگەیاند، ئەو کەسانە بە پاساوى پەیوەندى لەگەڵ کەسێکدا سزادراون لەکاتێکدا ئەو کەسە "ئازادە و سیخوڕى خۆیان بووە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەگردبونەوەکەدا ئەیهان سەعید براى یەکێک لەزیندانى کراوانى بادینان بەناوى کەسوکارى زیندانى کراوانەوە ڕایگەیاند "ئەوەى لەبادینان ڕوودەدات پڕۆسەیەکى نایاسایى و نادیموکراتیە بۆ بێدەنگ کردنى خەڵکى سنورەکە گیراوەتە بەر و ئەو دەستگیرکراوانەش چەندین مانگە لەزیندانن و بێ بەشکراون لەچەندین مافى بینینى پارێزەرو کەسوکار و تەلەفۆن و چەندین مافى تر".
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد "لەژێر فشارى حزبدا دادگاى کەیسەکەى بەسیاسى کردووە و سزاى داون و لەکاتێکدا نەدانپێدانیان لەسەر تاوانێک هەبووە و نەهیچ بەڵگەیەکیش هەیە تاوانیان کردبێت و ئەوەشى بڵاو کراوەتەوە سەرلەبەرى ناڕاستە و هیچ دانپێدانانێکیان نەبووە چونکە هیچ تاوانێک ڕووینەداوە".
ئەیهان سەعید وتیشى "ئەوانە بە پاساوى پەیوەندى لەگەڵ کەسێکدا زیندانى کراون ئێستا ئەو کەسە ئازادە و دەسوڕیتەوە و سیخوڕى خۆیان بووە".
جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە بەردەوام دەبن لەچالاکیەکانیان تا ئەوکاتەى ئازاد دەکرێن.
لاى خۆشیەوە عوسمان شێخ سدیق پارێزەر لەوتەیەکیدا ڕایگەیاند، کەیسەکە بەردەوامە ونامرێت "هەڵەى زەق بەناوى یاسا و دادوەرییەوە ئەنجامدراوە"، گردبونەوەکەشیان پشتیوانیە بۆ سەربەخۆى دەسەڵاتى دادوەرى و بۆ ئەوەى ئەو کەیسانەى کە بۆچالاکان و ڕۆژنامەنوسان دروستدەکرێن بوەستیێنرێن.
جەختیشى کردەوە، ئەو کەیسە ئارامى لەناو کۆمەڵگەدا نەهیشتووە و ئەوەش بەڵگەیەکە لەسەر سیاسى بوونى کەیسەکە چونکە بڕیارى دادگا دەبێت ئارامى بگەڕێنێتەوە نەک نائارامى.