گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری و هۆکاری دابەشنەکردنی سێ موچەکەی وەزارەتی پێشمەرگە

2021.03.14 - 14:50
App store icon Play store icon Play store icon
وردەکاری و هۆکاری دابەشنەکردنی سێ موچەکەی وەزارەتی پێشمەرگە

ناس کورد-

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا دیارنییە کەی ئەمەریکا موچەی لیوا هاوبەشەکانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە دەنێرێت و دەشڵێت، ئەمەریکییەکان دەیانەوێت چۆنێتی دابەشکردنی موچەی وەزارەتی پێشمەرگە یەکلایی بکەنەوە، بەڵام دڵنیاییان داوە لە ناردنی پارەکە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەگەرچی بڕیاربوو بۆ مانگی ڕابردوو لیوا هاوبەشەکانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە کە لە ئەمەریکاوە موچەیان بۆ دەنێردرێت بەسەریەکەوە سێ موچە بەبێ لێبڕین وەەبگرن، بەڵام تاوەکو ئێستا موچەیان پێنەدراوە و وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت، تاوەکو ئیستا ئەمەریکا پارەکەی نەناردووە.

 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە (یەکشەممە 14ی ئازاری 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک دیارنییە کە کەی ئەمەریکا پارەکە دەنێرێت."

 

ئەو سەرچاوەیە ڕەتیشیکردەوە هۆکاری نەناردنی پارەکە کێشەی هونەری بێت و ئاماژەی بەوەکرد، "ئەمەریکا دەیەوێت هەندێک وردەکاری لەبارەی چۆنێتی دابەشکردنی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم یەکلایی بکاتەوە و دواتر پارەکە بنێرێت."

 

وتیشی، "پێدەچێت لەم هەفتەیەدا ئەو کێشەیە یەکلایی بێتەوە و پارەکە بنێردرێت و موچەی ئەو هێزانەش دابەشبکرێت."

 

جەختیشیکردەوە، بە هەموو ئەگەرێک ئەمەریکا دڵنیایی داوە لەوەی کە لە هەر کاتێکدا بێت پارەکە دەنێرێت و بەردەوام دەبێت لە ناردنی هاوکارییەکانی، بەڵام سەرەتا هەندێک وردەکاری یەکلایی دەکاتەوە. 

 

جێی ئاماژەیە مانگی پێشووتریش لیوا هاوبەشەکانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە کە ئەمەریکا موچەیان بۆ دابین دەکات، بەبێ لێبڕین موچەیان پێدرا.

 

ئەو سێ موچەیەی کە بڕیارە وەریبگرن، هی مانگەکانی ڕابردووە کە بەهۆی دابەشکردنی موچە بە لێبڕین، ناردنی پارەکە لەلایەن ئەمەریکاوە ڕاگیرابوو، بەڵام لەدوای ئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاریدا بەبێ لێبڕین موچەی ئەو هێزانە دابەشبکات، ئەمەریکا بڕیاریدا ناردنی پارەکە دەستپێبکاتەوە.