گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاپۆرتەکە چۆن باسیان دەکات؟

لیژنەیەکى نێودەوڵەتى ڕاپۆرتێکى لەسەر سزادراوانى بادینان بڵاوکردەوە

2021.03.13 - 22:36
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەیەکى نێودەوڵەتى ڕاپۆرتێکى لەسەر سزادراوانى بادینان بڵاوکردەوە

ناس کورد- 

لیژنەى پاراستنى ڕۆژنامەنوسانى نێودەوڵەتى بڵاویکردەوە، سزادراوانى بادینان پاشەکشەیەکى ترە لە ئاستى ئازادى رادەربڕین لە هەرێمى کوردستان و بە بەڵگەى بێ بنەما و کاتیى سزا دراون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لیژنەى پاراستنى ڕۆژنامەنوسانى نێودەوڵەتى کە بارەگاکەى لە شارى نیویۆرکى ئەمریکایە (شەممە 13ى ئازارى 2021) لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، دەرکردنى بڕیارى زیندانى بۆ ڕۆژنامەنوسانى بادینان لەسەر بەڵگەى بێ بنەما بووە، نوێنەرى کۆمەڵەکانى مافى مرۆڤ و ڕۆژنامەنوسان و پەرلەمانتارێکیش لە دانیشتنەکەى دادگادا ئامادەبوون و هەموویان جەختیان لەوەکردوەتەوە کە داواکارانى گشتى شکستیان هێناوە لە پێشکەشکردنى بەڵگەى بڕواپێکەر لە سکاڵاکەیاندا، بەهۆى ئەوەشەوە گومان لە دادپەروەریى دانیشتنەکە کرا.

 

ڕاپۆرتەکە ناوى دووان لە سزادراوەکانى هێناوە کە "شێروان شێروانى" و "گۆهدار زێبارى"ن و ڕونیشیکردووەتەوە، 5 چاودێرى دادگایى کردنەکە بە لیژنەکەیان ڕاگەیاندووە کە ئەو کەیسەى لەسەر ئەو سزاداراوانە دروستکرابوو لەسەر بەڵگەى بێ بنەما و کاتیى بنیاد نرابوون.

 

لیژنەکە جەختیلەوەشکردووەتەوە، شێروانى ڕۆژنامەنوسێکى سەربەخۆیە و زێباریش پەیامنێرى ماڵپەڕى "وڵات نیوز"ى کوردییە، هەردووکیان بەوە ناسراون کە ڕوماڵى کەیسەکانى گەندەڵى لە هەرێمى کوردستان و بۆردومانەکانى تورکیایان بۆ سەر ناوچەکانى هەرێم دەکرد.

 

ڕۆژى 15ى شوباتى 2021، دادگاى دووى تاوانەکانى هەولێر سزاى 6 ساڵ زیندانى بۆ 5 ڕۆژنامەنوس و چالاکوان دەرکرد، ئەوەش بەتۆمەتى هەوڵدان بۆ تێکدانى سەقامگیرى هەرێمى کوردستان، ئەو سزایەش ناڕەزایەتى زۆرى لێکەوتەوە بەتایبەتى لەسەر ئاستى ناوخۆیى.