گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

تەوەرە سەرەکییەکانی دیالۆگی نیشتمانیی مستەفا کازمی ئاشکرا کران

2021.03.13 - 08:33
App store icon Play store icon Play store icon
تەوەرە سەرەکییەکانی دیالۆگی نیشتمانیی مستەفا کازمی ئاشکرا کران

ناس کورد-

گفتوگۆ و کاردانەوەکان لەبارەى دەستپێشخەرییەکەى مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەنجامدانی "دیالۆگی نیشتمانی" بەردەوامە و پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، بڕیارە چوار تەوەری سەرەکی لەخۆبگرێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەرکەوت شەمسەدین، پەرلەمانتاری کوردی فراکسیۆنی سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (13ی ئازاری 2021) دەڵێت، "دیالۆگی نیشتمانی چوار دۆسیەی گرنگ لەخۆدەگرێت."

 

سەرکەوت شەمسەدین دەڵێت، "گرنگترین دۆسییەکانی دیالۆگی نیشتمانی کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکات بریتین لە هەڵبژاردن، کۆنتڕۆڵکردنی چەک، بنیادنانی دەوڵەت و پەیوەندییە دەرەکییەکان."

 

جەخت دەکاتەوە کە "پێویستە دیالۆگەکە بە بەشداری شارەزایان و ئەکادیمی و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بێت."

 

سەرکەوت شەمسەدین هۆشداری دا لەوەی "دیالۆگەکە تەنها بۆ حزبە دەسەڵاتدارەکان بێت."

 

ئەندامێکی تیمی ڕاوێژکارانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، پێکهاتە نیشتیمانییەکانی عێراق پاڵپشتی سەرۆکی حکومەت دەکەن لە سازدانی گفتوگۆیەکی نیشتیمانی بەمەبەستی برەودان بە پرۆسەی سیاسیی وڵات، دەشڵێت، مەبەست لە پڕۆژەکە، بنیادنانەوەی دەوڵەتە بەپێی پرەنسیپە دیموکراسییەکان.  

  

حسێن عەلاوی، ئەندامی تیمەکە ( 10ی ئازاری 2021) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆکردووە ڕایگەیاند، " ئەو پێشنیازەی کە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردوویەتی بۆ سازدانی گفتوگۆیەکی نیشتیمانی گشتگیر، زۆر گرنگە بۆ برەودان بە پڕۆسەی سیاسی لەم وڵاتە ودووبارە بنیادنانەوەی دەوڵەتی عێراقی بە پێی پرەنسیپە دیموکراسییەکان".  

  

وتیشی، "بانگهێشتەکەی سەرۆکەوەزیران،  پێشوازی گەرمی لێکراوە لەلایەن هەموو پێکهاتە نیشتیمانییەکانی عێراق، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا زیاتر ڕەنگەدانەوەی ئەرێنی خۆی دەبێت، کە  ئەوەش وادەکات ئەوپرۆژەیە زیاترپاڵپشتی بکرێت".      

  

عەلاوی، ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێشنیارەکەی سەرۆکوەزیران بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی نیشتیمانی دەرفەتێکی باشە لەڕووی سیاسی وکۆمەڵایەتیەوە بۆ گەنجان، هێزی جەماوەری ناڕازیی وهێزە کوردستانییەکان بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە دانوستانەکانی بەغداو هەولێرەوە هەیە، گفتۆگۆی نیشتیمانی ،وڵات بەرەوە بەستنی گرێبەستێکی پێکەوە ژیان دەبات".   

  

ئەندامەکەی تیمی ڕاوێژکاری حکومەت ئەوەشی وت،" گفتوگۆی نیشتیمانی دەبێتە هەوێنێک بۆ ئاوێتە بوونی دیدی دەسەڵاتی جێبەجێکاریی کە سەرۆککۆماری عێراق نوێنەرایەتی دەکات ئەو پێشنیارەی کە سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگەوازی بۆکردووە".   

  

 لەبارەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراق، عەلاوی ئەوەی خستووەتە ڕوو، "پەیوەندییەکانی دەرەوی عێراق  لەسەربنەمای گفتوگۆی مەسیحی – ئیسلامی بنیاد دەنرێت کەدوای سەردانەکەی پاپا بۆعێراق ئەو دیدە گەڵاڵە بووە، گفتۆگۆی ستراتیژی  نێوان عێراق و ئەمەریکا  پایەیەکی گرنگ دەبێت لەوبارەیەوە کە ئەوەش خواستی عێراق دەهێنێتە دی  لە دەستبەرکردنی  سەقامگیری  کۆمەڵگا و پتەوکردنی ئابورییەکەی و دورخستەوەی عێراق لە ململانێی نێوان واشنتۆن و تاران".  

 

مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی هەرێم وەڵامی دەستپێشخەرییەکەى مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی دایەوە و ڕایگەیاند، "ئامادەیی خۆمان دەر دەبڕین بۆ ڕێککه‌وتن و چارەسەری بنەڕەتی و یه‌کجاری هەمو کێشەکانی نێوان حکومە‌تی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان به‌ پێی بنەماکانی ده‌ستور."  

  

مەسرور بارزانی لە تویتێکیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (8ی ئازاری 2021) دەڵێت، "بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی و پشتیوانی له‌‌ بانگه‌وازی سه‌رۆک وه‌زیرانی حکومەتی فیدرال به‌ڕێز مستەفا کازمی ده‌که‌م بۆ گفتوگۆی نیشتمانیی نێوان لایه‌نه‌ عێراقییەکان لە پێناو چارەسەری ڕیشەیی هەموو کێشە و ناکۆکییەکان."  

 

مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق (8ى ئازارى 2021) لەمیانەى وتارێکى ڤیدیۆیدا کە "ناس کورد" بینیوویەتى دەستپێشخەرییەکى بۆ گفتوگۆى راستەقینەى سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەکانى عێراق راگەیاند و لەبارەى هەرێمى کوردستانیشەوە داواى ئەنجامدانى گفتوگۆیەکى نیشتیمانى و راستەقینە کرد بۆ ڕێککەوتنى کۆتایى لەبارەى پەیوەندییەکانى نێوان حکومەتى ناوەند و هەرێمى کوردستان و چارەسەرکردنى ریشەییانەى کێشەکان.