گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

سعودیە داوای گەڕانەوەی سوریا دەکات بۆ کۆمکاری عەرەبی

2021.03.12 - 22:59
App store icon Play store icon Play store icon
سعودیە داوای گەڕانەوەی سوریا دەکات بۆ کۆمکاری عەرەبی

ناس کورد- 

ماڵپەرێکى عەرەبی راپۆرتێکى لەبارەى خواستى سعودیە بۆ گەڕانەوەى سوریا بۆ ناو کۆمکارى عەرەبى بڵاوکردەوە تیایدا نهێنییەکانى ئەو خواستەى سعودیە دەخاتەڕوو. 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماڵپەڕى عەرەبى پۆست (12ى ئازارى 2021) لە راپۆرتێکدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، نیشاندانى خواستى سعودیە بۆ گەڕانەوەى سوریا بۆ ناو کۆمکارى عەرەبى کە لەساڵى 2011 دورخراوەتەوە، دەردەخات. 

 

بۆچى سعودیە نەیدەویست سوریا بۆ ناو کۆمکارى عەرەبى بگەڕێتەوە؟

 

پێشتر سعودیە ڕازى نەدەبوو بەگەڕانەوەى سوریا بۆ ناو کۆمکارى عەرەبى ئەوەش تەنها پەیوەندى بە مامەڵەى سەرکوتکەرانەى ڕژێمى سوریاوە نەبوو لەگەڵ شۆڕش و ناڕەزایەتیەکان کە لەگەڵ بەهارى عەرەبییدا لەو وڵاتەش ڕوویدا، بەڵکو سعودییە دەیویست ئەو ڕوداوانە ببێتە دەرفەتێک سوریا لەوڵاتانى عەرەبى دوور بکەوێتەوە، هەرچەندە سعودیە دژایەتى خۆى بۆ شۆڕشەکانى میسر ڕاگەیاندبوو.

 

لەڕووى مێژووییەوە دەسەڵاتدارە بەعسیەکانى سوریا و سعودییە بەیەکتر ئاسوودە نەبوون ئەو دۆخەش کاتێک زیاتربوو کە عەلەوییەکانى سوریا دەسەڵاتیان گرتە دەست بەڵام لەچەند پرسێکدا بەرژەوەندییەکانیان پاراست بەتایبەت لەلوبنان کاتێک شەڕى ئەهلى لەهەشتاکاندا بەڕێکەوتنى سعودیە و سوریا کۆتایى هات.

 

بەڵام لوبنان بەردەوام هۆکارى گرژبوونى پەیوەندییەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە بووە و کاتێکیش خزانى سوریا بەرەو لاى ئێران ڕویدا ئەوەش زیاترى کرد و گەیشتە ئەوەى بەشار ئەسەد بەنیوە پیاو وەسفى هەندێ ئەو سەرکردانەى عەرەب بکات کە ڕەخنەیان لەحیزبوڵا دەگرت بەهۆى شەڕەکانى لەگەڵ ئیسرائیلدا لەساڵى 2006.

 

لەساڵانى ڕابردودا گرژى و وشکى باڵى بەسەر پەیوەندییەکانى ئەو دوو وڵاتە کێشابوو، دواى شکستى شۆڕش و ڕاپەڕینەکان لەدژى بەشار ئەسەد ئیدى ڕیازیش کۆڵى لەپشتیوانى کردنى ئەو جوڵانەوە داو و ماوەیەکى هیشتەوە بەمەبەستى گەڕانەوەى دیمەشق بۆ ناو کۆمککارى عەرەبى و پێشتریش بەرپرسانى کۆمکارى عەرەبى ئەوەیان خستە ڕوو، بۆ گەڕانەوەى سوریا پێویستى بەسازانى عەرەبى هەیە کە لەئێستادا لەئارادا نیە.

 

پرسیارەکەش ئەوەیە، هۆى چیە لەناکاو سعودیە هەڵویستى خۆى گۆڕى و وەزیرى دەرەوەى ئەو وڵاتە خواستى سعودیەى بۆ گەڕانەوەى سوریا بۆ ناو کۆمکارى عەرەبى ئاشکرا کرد، ئەوەش لەڕێگەى چارەسەکردنى کێشە سیاسیەکانى وەکو دانوستان لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیونەکاندا.

 

ئەسەد لەبەرامبەردا چى  پێشکەش دەکات؟

 

هەرچەندە مەرجەکانی سعودیە بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکارى عەرەبی و ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان گۆڕاوە سەربارى دەستبەرداربوونی ڕیاز لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا و تەنانەت هەڵوێستی دژە عەرەبیشی تەمومژاوی بووە ، بەڵام وادەبینرێت ئەو مەرجانە بەسترابێتەوە بە پەیوەندییەکانى ئەسەد لەگەڵ ئێران و حیزبوڵادا، بەتایبەتی کە دوژمنایەتی ڕیاز بۆ ئێران لە سەردەمى شا سەلمان و محمەدى شازادەدا زیادی کردووە .

 

چەند پرسیارێک دێنە ئاراوە لەوانە، ئایا بەشار ئەسەد لەبەرامبەر ئاسایکردنەوەى پەیوەندییەکان و گەڕانەوەى سوریا بۆ ناو کۆمکارى عەرەبى سازش لەو دۆسییانە دەکات؟ ئایا بەهەمان شێوە سازش بۆ ئەمەریکییەکانیش دەکات بەمەبەستى دەستپێکردنەوەى قۆناغى جێهێشتنى کورسییەکەى؟.

 

 ڕژێمى سوریا لەتاریکترین ڕۆژگارەکانیدایە و هیچ یەکێکیش لەو سازشانەى نەکردووە و گریمان دەتوانێت لەژێر سایەى ئێران خۆى بهێنێتە دەرەوە کە ئەوەش وێناکردنى ئەستەمە بەڵام ناتوانرێت گریمانەى ئەوە بکرێت کە ڕژێمى ئەسەد دەتوانێت هەر جۆرە هەنگاوێکى جیدى بنێت کە کاریگەرى بکاتە سەر ئێران لەوانە دروستکردنى بەربەست بۆ گەیاندنى یارمەتى بەحیزبوڵاى لوبنان یاخود هەر هەوڵێکى تر بۆ سنوردانان لەبەردەم میلیشا چەکدارە شیعەکاندا لە سوریا.



ئەمەریکیەکان چییان دەوێت؟

 

ئەمەریکا بەفەرمى هێشتا ڕاستەوخۆ لەسەر ئەو پرسە هەڵویستى ڕانەگەیاندووە تەنها لەمیانەى وەڵامێکدا بۆ لێدوانى ئیماراتى لەسەر ئەو دەستپێشکەرییانە قسەى کردووە کە ئیمارات ئەو هەنگاوەى پێ باش بووە بەڵام چەند پرسیارێکى لەسەر وروژاندووە.

 

وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا ڕایگەیاندووە،هەر دەبێت ڕژێمى بەشار ئەسەد بگەڕێتەوە بۆ دیالۆگى سیاسى و ڕێگە بدات هاریکارییە مرۆییەکان بگەنە ناوچە پێویستەکان کە خەڵکى سوریا پێویستیانە.

 

هەر بەگوێرەى ماڵپەڕەکە پێدەچێت ئەوە ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەى ئەمەریکاش بیرۆکەى گەڕانەوەى سوریاى بۆ کۆمکارى عەرەبى بەلاوە پەسەند بێت بەشێوەیەک چەند مەرجێکى بۆ دابنرێت.