گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دایکیشیان قبوڵیان ناکەن

هەزاران منداڵ لەنێوان دوو وڵات و دوو ئاییندا بێ ناسنامەن

2021.03.11 - 21:54
App store icon Play store icon Play store icon
هەزاران منداڵ لەنێوان دوو وڵات و دوو ئاییندا بێ ناسنامەن

ناس کورد-

کاریگەریی کارە خراپ و دور لە مرۆڤایەتییەکانى داعش تائێستاش باڵى بەسەر کۆمەڵگەى عێراقى و سوریدا کێشاوە، یەکێک لەو کۆمەڵگانەش ئێزدیەکانن کە سەرەڕاى وێرانبوونى ناوچەکانیان و لەدەستدانى هەزاران کەس، بەدەست نەهامەتییەکانى ئەو کارەساتەوە دەناڵێنن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

یەکێک لە ئازارە بەجێماوەکانی کارەکانی داعش بریتییە لە منداڵە بەجێماوەکانى دواى ئەو ڕێکخراوە کە دایکیان ئێزدیە و باوکیان داعش بووە، ئەو منداڵانە ئێستا بێ کەسوکارن و نە دایکیان نە کۆمەڵگە قبوڵیان ناکات، نە لە سوریا و نە لە عێراق ناسنامەیان پێنادرێت.

 

یەکێک لە کچە ئێزدیە ڕزگارکراوانى دەستى داعش دەڵێت، "ئەگەر ئەو منداڵانە بێتاوانن ئەى تاوانى ئێزدیەکان چى بوو، ئەو منداڵانە بەرهەمى دەستدرێژیەکانى داعشن بۆ سەر ژنان و کچانمان، داعش خەمێکی لە ناخی ئێمەدا چاند هەرگیز ساڕێژ نابێت، ئێمە چۆن دەتوانین منداڵی داعش بەخێو بکەین."

 

له‌ 10ی حوزه‌یرانی 2014، چه‌كدارانی داعش هێرشیانکردەسەر پارێزگای موسڵ و بە خێرایی خۆیان گەیاندە ناو جەرگەی شارەکە و لەوێوە خەلافەتی خۆیان ڕاگەیاند، پاش کەمتر لە دوو مانگ و لە 3ی ئابی 2014، هێرشیانکردەسەر شارۆچکەی شنگال و هه‌زاران ئافره‌تى ئێزدییان ڕفاند.

 

 

"ئەو منداڵانەی تەنانەت دایکیشیان قبوڵیان ناکەن" 

 

لەو نێوەندەدا داعش چەندین ژن و کچیان بە کەنیزەک کرد و کڕین و فرۆشتنیان پێوەکردن و دەستدرێژی سێکسیان کردنەسەر، بەوەش ئەو ئافرەتانە چەندین منداڵیان بوو کە زۆرێکیان نازانن باوکیان کێیە، یاخود دەستگیرکراون و لە زینداندان، یان کوژراون.

 

ئەو منداڵانە بە هەزاران مەزەندە دەکرێن، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم کە بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کردووە دەڵێت، دەگەنە پێنج هەزار منداڵ، ئەوان تاوەکو ئێستا ناسنامەیان نییە و لەنێوان عێراق و سوریادا پەرتەوازە بوون و حکومەتی عێراقیش نازانێت چیبکات بۆ چارەسەکردنی کێشەی ئەو منداڵانە.

 

فاتن حیلفی، ئەندامی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق بە "ناس کورد"ی وت، ژمارەی ئەو منداڵانە بەچەند هەزارێک مەزەندە دەکرێت، بەشێکی زۆر کەمیان لەلایەن کۆمەڵگای ئیزدییەوە ڕێگەیان پێدراوە لەگەڵ دایکیان بژین، بەشەکەی دیکەیان لە سوریان."

 

 

داود جوندی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوایە و بەدواداچوونی ئەو پرسە کردووە، ئەو دەڵێت، " کەمتر لە 3%ی ئەو ژنانە ئامادەییان تێدایە ئەو منداڵانە بەخێو بکەن و زۆرینەیان ئامادەنین ئەو کارە بکەن."

 

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ناس کورد، بەشێکی ئەو منداڵانە لە سوریان لە کەمپی "هول" بەشێکی دیکەشیان لە ماڵێکدان لە ڕۆژئاوای کوردستان و وەک خانەیەک لەوێ بەخێو دەکرێن.

 

بەخێونەکردنی ئەو منداڵانە لەلایەن ژنانی ئێزدییەوە کە دایکیانن، دەگەڕێتەوە بۆ کلتوری ئایینیی ئێزدییەکان کە ڕێگەیان پێنادات تەنانەت هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکدا بکەن کە لە دەرەوەی ئایینی ئێزدییەکان بێت.

 

هۆکارێکی دیکەش ئەو بارودۆخەیە کە ئێزدییەکانی تێکەوتن لەژێر دەستی داعشدا و ئەو ژنانەی کە لەلایەن چەکدارانی رێکخراوەکەوە ڕفێندراون بەشێوەیەک مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە کە هێشتا لە دۆخێکی دەروونیی خراپدا دەژین و ڕقێکی گەورەیان بەرامبەر هەرشتێک هەیە کە پەیوەندی بە داعشەوە هەبێت.

 

"ئێمە چۆن منداڵی داعش بەخێودەکەین" 

 

نۆرژان سەلمان ناوی خوازراوی کچێکی ئێزدییە کە لەدوای داگیرکردنی شنگال لەلایەن داعشەوە بۆ موسڵ بردرا و لەژێر دەستی چەکدارانی داعشدا تووشی چەندین نەهامەتی و ڕووداوی ناخۆش بووەتەوە.

 

نۆرژان بە "ناس کورد"ی وت، "ئەوانە منداڵی داعشن، بەهۆی دەستدرێژی داعش بۆسەر ژنانی ئێزدی دروست بوون، ئێمەی ژنان و کچانی ئێزدی چۆن منداڵی داعش بەخێو دەکەین."

 

 

وتیشی، "ڕەنگە مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکان بڵێن، ئەو منداڵانە بێتاوانن، ئەی ژنان و کچان و منداڵانی ئێمە بێتاوان نین؟ هێشتا چەندین کچ و ژنی ئێزی بێسەروشوێنن و کەس نازانێت لە کوێن، ئەی ئەوان بێتاوان نین داعش وای لێکردن؟."

 

نۆرژان بە دڵێکی پڕەوە باسی لەوەکرد، "ڕەنگە ڕەخنە لە ئێزدییەکان بگیرێت کە ئەو منداڵانە بەخێو ناکەن، بەڵام هیچ کەس لە هەستی ئەو ژن و کچانە تێناگات و نازانن داعش چی بەسەر هێناین."

 

سەبارەت بەوەی ئەو منداڵانە لە کوێن، نورژان وتی، "زۆرینەی ژنانی ئێزدی لە هەر شوێنێک ڕزگار کرابن منداڵەکەیان لەوێ جێهێشتووە، بۆ نمونە ئەو ژنانەی لە موسڵ ڕزگار کراون چەند منداڵیان لە داعش هەبووبێت هەر لە موسڵ جێیانهێشتووە، ئەوانەی لە سوریا ڕزگار کراون لە سوریا منداڵەکانیان جێهێشتووە، بەشێکی کەمیشیان منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە."

 

ئەو بە خەمێکی قوڵەوە باسی لەوە کرد کە دوو برای تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن و تەنانەت تەرمەکانیشیان دیارنییە و پرسی، "دەڵێن ئەو منداڵانە بێتاوانن؟ ئەی منداڵانی ئێزدی بێتاوان نین کە بەشێکیان هێشتا بێسەروشوێنن، ئەی دوو براکەی من تاوانیان چی بوو، منداڵان و کچان و ژنانی ئێزدی چیان بەسەرهات، با ئەوانیش وابن."

 

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا نۆرژان داوای لێبوردنی کرد ئەگەر بە ڕەقی قسەی کردبێت و وتی، "ببورن قسەکانم ڕەق بوون، بەڵام خەمێک لە ناخی ئێمەدایە هەرگیز ساڕێژ نابێت."

 

"لەنێوان دوو وڵات و دوو ئاییندا بێ ناسنامەن" 

 

بەشێکی زۆر لەو منداڵانە لە ئێستادا تەمەنیان نزیکبووەتەوە لە تەمەنی تۆمارکردن لە قوتابخانەدا، فاتن حیلفی دەڵێت، " بەهۆی ئەوەی ئەو منداڵانە بەڵگەنامەى مەدەنییەکانیان نییە (ناسنامەی باری شارستانی) بۆیە چارەنوسیان نادیارە و ناشتوانن بڕۆنەبەر پرۆسەی خوێندن."

 

دەشڵێت، "زیاتر لە دوو ساڵە ئێمە لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەداین، دەبێت حکومەتی عێراق ڕێوشوێن پێویست بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی  بتوانن بەڵگەنامە مەدەنییەکان بەدەست بهێنن."

 

بەهۆی نەریتی کۆمەڵایەتی ئێزدییەکان و پرسی ئایینی و یاساییەوە کێشەکە زۆر ئاڵۆزتر بووە و نازانرێت ئەو منداڵانە وەک موسڵمان لە قەڵەم بدرێن یاخود ئێزدی، چونکە لەڕووی ئاینەوە ئەو منداڵانە لە باوکێکی موسڵمانن، بەڵام دایکەکانیان ئێزیدین، بەگوێرەی یاسا بەرکارەکانیش لە عێراق ناتوانرێت منداڵەکان بەناوی دایکیانەوە بکرێن و لەهەمانکاتیشدا کۆمەڵگای ئێزیدی ڕێگە بەو منداڵانە نادات بکرێن بە ناوى دایکیانەوە، چونکە باوکیان لە ئاینی مسوڵمانە، ئەوەش بە پێچەوانەی ئاینەکەیانەوەیە.

 

بەبڕوای ئەندامەکەی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراق، ئەو کێشە زۆر ئاڵۆزە و کاتی زۆری دەوێت و پێویستە ئەنجومەنی دادوەری عێراق لەوبارەیەوە بێتە سەرخەت و بڕگەیەکی یاسایی بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە، کە بگونجێت لەگەڵ یاسای باری شارستانیی عێراق."

 

دەشڵێت، "ئەنجومەنی ڕۆحانی ئیزدییەکان ڕۆڵی بەرچاوى هەیە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بۆیە دەبێت ئەویش هەماهەنگی تەواوی هەبێت لەوبارەیەوە، بۆ ئەوەی کێشەکە یەکلایی بکاتەوە."

 

ئێستا ئەو منداڵانە لەنێوان سنوری دوو وڵات و دوو ئاییندا بێ ناسنامەن و بەشێکی زۆریان نە دەزانن باوکیان کێیە و نە دایکیان، بەهۆی کێشە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکانی دیکەی عێراق و سوریاشەوە، دیارنییە کەی کێشەکەیان چارەسەردەکرێت، یاخود بۆماوەیەکی دوورودرێژ بەبێ ناسنامەیی دەمێننەوە و ژیان بەڕێدەکەن.