ناس کورد-
لەدوای زیادبوونی خێرایی با لە سنوری پارێزگای سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیکە، بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی سلێمانی چەند ڕێنماییەکی بڵاوکردەوە و هاووڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە لەکاتی هەڵکردنی ڕەشەبای توند ئەو ڕێنماییانە جێبەجێبکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی سلێمانی (پێنجشەممە 11ی ئازاری 2021) بڵاویکردەوە، پێویستە لەکاتی هەڵکردنی زریان و ڕەشەبای توند ئەم ڕێنماییانە جێبەجێبکرێن:
١ - دوورکەوتنەوە لە هەر کێبڵێکی شۆڕ بووەوە لە ئەگەری پچڕاندن و مەترسی بوونی تەزووی کارەبا تیایدا.
٢- دوورکەوتنەوە لە بینا و باڵەخانە تەواونەکراوەکان لە ئەگەری کەوتنەخوارەوەی کەلوپەلی بیناسازی و بەربوونی ئەسکەلە بەستراوەکان.
٣ - نەوەستان و دوورکەوتنەوە لە درەختە گەورەکان چونکە ئەگەری شکان و هەڵکەندنی هەیە.
٤ - ئاگاداربوون لە کاتی شوفێریکردن بە تایبەتی لەو کاتانەدا کە زریان و گێژەڵووکە تەپوتۆز و خۆڵبارینی لەگەڵدایە و مەودای بینن کەم دەبێتەوە، و زۆر پێویستە ئاگاداری هێماکانی هاتووچۆ بین.
٥_ داخستنی دەرگا و پەنجەرەکانی ناو ماڵ بۆ ڕێگریکردن لە تەوژمی هەوایی بەردەوام لە ناو ماڵدا، کە دەبێتە هۆی ڕووداوی چاوەڕوان نەکراو و کەوتنەخوارەوەی کەلوپەلی ناوماڵ.
٦_ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و پێدانی زانیاری بە مناڵان دەربارەی زریان و گەردەلوول تاوەکو لە کاتی دروستبوونیدا نەبێتە هۆی ترسان و دڵەڕاوکێیان چونکە زریان و گەردەلوول دەنگێکی ترسێنەری هەیە.
٧_ئاگاداربوون لە کاتی پەڕینەوە لە شەقامەکان بە تایبەتی لە کاتەکانی شەودا چونکە زریان و گێژەڵووکە زۆر جار بەهۆی خۆڵ و تۆزە وە مەودای بینین کەم دەکەنەوە بە تایبەتی بۆ شۆفێران.
٨_ لابردنی هەموو ئەو کەلوپەلانەی کە ترسی با بردن و جوڵاندنیان هەیە لە لەسەر سەربانی ماڵ و باڵەخانەکان بۆ ڕێگریکردن لە ڕووداوی نەخوازراو لە ئەنجامی کەوتنیان.
٩_دوورکەوتنەوە و نەوەستان لە ژێر ڕیکلامە هەڵواسراوەکان لە شوێنە گشتییەکان، بە تایبەتی ئەوانەی کە قەبارەیان گەورەیە.
١٠_ جێگیرکردنی چەتر و چەرداخ و کۆشکی شوێنە گشتییەکان بە شێوەیەکی گونجا و تووندو تۆڵ، بە تایبەتی ئەو جۆرانەی کە قاچی ئاسنینیان هەیە.
١١_ ئاگادارکردنەوەی ئەو باڵەخانانەی کە بە ماددەی (کۆبوند) ڕووپۆشکراوە لە ئەگەری بابردن و هەڵدانی پارچەکانی لە کاتی زریان و گەردەلوولدا.
١٢ - ئاگاداربوونی تەواوی تاوەر و هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە ئەگەری جووڵان و کەوتنە خوارەوەیان بە تایبەت ئەوانەی کە لە سەر یەکەکانی نیشتەجێبوون جێگیرکراون.
١٣ - دەستبەجێ خێرا پەیوەندی کردنی بە بەشی کۆنترۆڵی بەرگری شارستانی سلێمانی ژمارە (115) کە بە بێ بەرامبەرە لە هەر جۆرە هێڵێکی پەیوەندیکردنەوە، لە کاتی ڕوودانی هەر رووداوێکی نەخوازراودا، تا لە زووترین کاتدا تیمەکانمان بچن بەهانایەوە.