گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەیانویست گەشت بکەن

لەبەغداوە بۆ سلێمانى..گروپێک چەکدار چۆن پیاوێکیان بەبەرچاوى منداڵەکانییەوە کوشت؟

2021.03.11 - 16:01
App store icon Play store icon Play store icon
لەبەغداوە بۆ سلێمانى..گروپێک چەکدار چۆن پیاوێکیان بەبەرچاوى منداڵەکانییەوە کوشت؟

ناس کورد- هەڤاڵ غالب

 

پاش بڕینى ڕێگایەکى درێژ لەبەغداوە بەمەبەستى گەشتکردن بەرەو سلێمانى، گروپێک چەکدار بەرەبەیانێکى زوو لەسەر شەقامێکى گشتى هیواکانى پیاوێکیان لە گۆڕنا و بەبەرچاوى منداڵەکانییەوە کوشتیان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

رووداوەکە رۆژى هەینى پێنجى ئازار لەسەر ڕێگای سەرەکی چەمچەماڵ -سلێمانی روویدا، کاتێک گروپێک چەکدارى چوار کەسى رێگریان لە ئۆتۆمبێلەکەى ئەو پیاوە کرد،  کە جگە لە خۆى و منداڵەکانى، ئامۆزایەکیشیان لەگەڵدا بوو.

 

دواى رووداوەکە هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەى چڕیان دەستیپێکرد و هەر زوو چەکدارەکان ناسرانەوە و ئەمڕۆ پێنج شەممە دەستگیرکردنی سیانیان راگەیەنرا.

 

نەقیب ڕێژین ساڵەح، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند " درەنگانێکی شەوی ٥ی ئادار کاتژمێر ٣ی بەرەبەیان لەسەر ڕێگای چەمچەماڵ- تەکیە لەلایەن گروپێکی چوار کەسیەوە ڕێگری لە ئۆتۆمبیلێک کراوە بەمەبەستی دزی و لێسەندنی ئۆتۆمبیلەکەیان، کە دوو پیاو و دوو منداڵی تێدابووە".

 

ئەو چوار کەسە کەسى نزیکى یەکتر بوون و خەڵکى بەغدا بوون بەمەبەستى گەشتکردن بەڕێوەبوون بەرەو سلێمانى، یەکێک لە پیاوەکان باوکى دوو منداڵەکە بووە کە لەلایەن گروپەکەوە کوژراوە، ئەوەى دیکەش ئامۆزاى بووە.

 

نەقیب ڕێژین وتى "یەکێک لە پیاوەکان بەناوی( ی ح ع) کە عەرەب بووە لەلایەن گروپەکەوە کوژراوە و ئازاری ئەوانی تریش درابوو".

 

بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد، هاوڵاتییە کوژراوەکە بەبەرچاوی منداڵەکانیەوە لەلایەن ڕێگرەکانەوە کوژراوە.

 

بەوتەی وتەبێژی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لەئێستادا هێزەکانی ئاسایش سێ کەسیان لە گروپەکە دەستگیرکردووە و دوو چەکیش دەستی بەسەرداگیراوە و بەدواداچون بۆ دەستگیرکردنی کەسی چوارەمیش بەردەوامە، دەستگیرکراوەکان دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوە و بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراون.

May be an image of standing

بەپێی راگەیەنراوێکى ئاسایش، دوان لە دەستگیرکراوەکان بەناوەکانی ( ب،ل،ح) و (ح،ب،و) هەشتى ئەم مانگە، ئەوەى دیکەش بەناوی (د، أ ، ش) نۆى ئەم مانگە دەستگیرکراوە، کەسەرجەمیان خەڵکی قەزای چەمچەماڵن .

 

ئاماژە بەوەشکراوە، تۆمەتبارەکان بەبڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ بەپێی ماددەی (٤٠٥) لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون.

 

ڕێژین ساڵەح ئاماژەی بەوەش کرد ئەو گروپە کاریان ڕێگری و لێ سەندنی ئۆتۆمبیل و پارە بووە و سەرجەمیشیان کوردن و خەڵکی سنوری قەزای چەمچەماڵن.