گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەشیر حەداد: زەحمەتە دووشەممە بودجە تێپەڕێت

2021.03.11 - 15:32
App store icon Play store icon Play store icon
بەشیر حەداد: زەحمەتە دووشەممە بودجە تێپەڕێت

ناس کورد-

 

بەشیر حەداد جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، زەحمەتە رۆژى دوشەممە پڕۆژەى بودجە لەپەرلەمان دەنگى لەسەر بدرێت، چونکە هێشتا یاساى دادگاى فیدراڵى ماوە و دەنگ لەسەر ئەو پڕۆژەیە دەدرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەشیر حەداد ئەمڕۆ پێنج شەممە لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان کە "ناس کورد" بینیویەتى ئاماژەى بەوەکرد، رۆژى دوشەممە یاساى دادگاى فیدراڵى تەواو دەکرێت، بۆیە کارێکى زەحمەتە دەنگ لەسەر بودجە بدرێت.

 

وتیشى "پێویستە پڕۆژەى بودجە لە دانیشتنێکى تایبەتدا دەنگى لەسەر بدرێت".

 

بەشیر حەداد  جەختیشیکردەوە، هەر دەقێک کە بۆ چارەسەرى کێشەى تایبەت بە پشکى هەرێم لە بودجە دادەنرێت، پێویستە دادپەروەر و دەستورى بێت و قابیلى جێبەجێکردن بێت.

 

هەشتى ئەم مانگە محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق فەرمانی کرد بە دانانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 لە کارنامەی دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەى داهاتوو بۆ دەنگدان لەسەری.  

 

بڕیارەکەى محەمەد حەلبوسی دوای داواکارییەکی پەرلەمانتار یوسف کیلابی هات کە 150 واژۆی کۆکردبوویەوە بۆ ئەو مەبەستە.  

  

یوسف کیلابی لە داواکارییەکەیدا بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هاتووە، ئەو یاسایە زۆر گرنگە و پەیوەندی بە ژیانی خەڵکی ئاسایی و بەرژەوەندی هاوڵاتیانەوە هەیە و دواخستنی بەهۆی "ناکۆکییە سیاسییەکان" بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر ژیانی خەڵکی.  

 

دیاریکردنى رۆژى دەنگدان لەسەر بودجە لەکاتێکدایە، هێشتا کێشەى تایبەت بە پشکى هەرێم و رادەستکردنى نەوت و جێگیرکردنى لە پڕۆژە یاساکە یەکلای نەکراوەتەوە.

 

جەمال کۆچەر ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رۆژى چوارشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، شیعەکان لەئێستادا پێشنیازێکیان گەڵاڵەکردووە لەسەر پشکى هەرێم، کە "کورد و سوننە و زۆرینەى شیعە پێی رازین".  

  

رونیشیکردەوە، بەپێی پێشنیازەکە هەرێم دەبێت 460 هەزار بەرمیل رادەستى بەغدا بکات، دواى لێدەکردنى بەشى بەکارهێنانى ناوخۆ، لەبەرانبەر پێدانى شایستەى دارایی کۆمپانیاکان لەلایەن بەغداوە، لەوەشدا هەر 250 هەزار بەرمیل دەمێنێتەوە.  

  

جەمال کۆچەر باسى لەوەشکرد، لەگەڵ ئەوەشدا رەنگە ئەو پێشنیازە لەکاتى دەنگدان لەسەر بودجە کێشەى لەسەر دروستبێت، بەتایبەتى کە هەندێ کوتلەى شیعى پێی رازى نین، بەڵام ئەگەرى تێپەڕاندنى پێشنیازەکە هەیە.  

  

دیاریکردنى وادەى دەنگدان لەسەر پڕۆژەى بودجە هاوکاتە لەگەڵ مشتومڕ و ناکۆکى توندى نێوان فراکسیۆنەکان لەسەر پڕۆژە یاساى دادگاى فیدراڵى کە پەرلەمان دەنگى لەسەر چەند ماددەیەکى پڕۆژەکە داوە.  

  

جەمال کۆچەر وتى "پێدانى پڕۆژەى بودجە بەستراوەتەوە بە تێپەڕاندنى یاساى دادگاى فیدراڵى، ئەوەش پێدەچێت پەسەندکردنى پڕۆژەکە کەمێک دوا بخات، بەتایبەتى کە لایەنەکان ناکۆکن لەسەر بەشێک لە ماددەکانى پڕۆژەکە".  

  

ناکۆکییەکان پەیوەستن بەو ماددانەى پەیوەندیدارن بە چۆنیەتى یەکلاکردنەوەى بڕیارەکانى دادگاکە کە بەرزترین دەسەڵاتى دادوەرى هەیە لە عێراق و تایبەتمەندە بە یەکلاییکردنەوەى کێشەى نێوان دەسەڵاتەکان.  

  

بەپێی پڕۆژەکە، دادگاى فیدراڵى لە نۆ ئەندام پێکدێت، پێنج ئەندامى شیعە، دوو کورد و دوو سوننە.  

  

جەمال کۆچەر وتى "فراکسیۆنەکانى دیکە دەیانەوێت بڕیارەکانى دادگاکە بەدەنگدان و بەبێ کورد تیپەڕێت، ئێمەش بەوە رازى نین".  

  

بەپێی ماددەى 12 ى پڕۆژەکە، بڕیارەکانى تایبەت بە داواى گشتى بە رێککەوتن یان زۆرینە، دوو لەسەر سێ بۆ کێشەکانى هەرێم و بەغدا و پارێزگاکان، سێ لەسەر چوارى تایبەت بە دەستوری بوونى یاساکان دەردەکرێن بەڵام فراکسیۆنەکان ناکۆکن لەو بارەیەوە.  

  

فەرهاد عەلادین سەرۆکى ئەنجومەنى راوێژکارى عێراقى لە وتارێکدا کە "ناس کورد" خوێندنەوەى بۆ کردووە دەڵێت، ناکۆکییەکان پەیوەستن بە چۆنیەتى پاڵاوتن و بەشداریکردنى شارەزاکان لەدادگاکە، لەگەڵ چۆنیەتى یەکلاکردنەوەى بڕیارەکان.  

  

باسى لەوەشکردووە، فراکسیۆنە کوردییەکان لەگەڵ ئەوەدان بڕیارەکانى پەیوەست بە هەر کێشەیەکى نێوان هەرێم و بەغدا بە کۆدەنگى بێت نەک بە زۆرینە.