ناس کورد-
لەسەر گۆرانکاری لە دامەزراندنی 30 کەس بۆ نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا لە ئیدارەی ڕاپەڕین و گۆڕینی ناوەکانیان بۆ 30 کەسی دیکە بریکاری وەزارەتی تەندروستی ڕونکردنەوە دەدات و رەتیدەکاتەوە لەو بارەیەوە دەستوەردانى حزبى کرابێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د.ڕەهێڵ فەرەیدون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان (10ی ئازاری 2021) لەکاتی بەسەرکردنەوەی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی ڕاپەڕین لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە "ناس کورد" بینەری بوو ڕایگەیاند، لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی بڕیاری دامەزراندنی 30 کەس درابوو بۆ نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا لە ئیدارەی ڕاپەڕین، بەڵام لەبری دامەزراندنی ئەو کەسانە بدرێت یەکەمجار لە نەخۆشخانەکە وەکو خۆبەخش کاریان کردووە 30 کەسی دیکە بڕیاری دامەزراندنیان درابوو ئەوەش هەڵەیەک بوو دەبوو ڕاست بکرێتەوە و بۆ ئەوەش من گۆڕانکاریم کرد و 30 کەسی دیکە دیاریکرا بۆ دامەزراندن لە نەخۆشخانەکە چونکە ئەوان پیشتر لەوێ خزمەتیان کردووە و ناکرێت کەسانى دیکە لەو نەخۆشخانەیە دابنرێن.
باسی لەوەشکرد، کاتێک گۆڕانکارییەکەمان کرد من ئامادەیم دەربڕی بۆ تەحەمولکردنی بەرپرسیارییەتییەکەی، بەڵام ئەگەر لە ڕووویەکی کەوە بیر بکەینەوە ئەو 30 کەسەی دیکەش لابراون مافی خۆیانە وەکو ئەوانی خراونەتە شوێنیان دابمەزرێن بۆ ئەوەش بەڵێنمان پێداون لە میانی دامەزراندنی 500 کەسی دیکە کە داوامان کردووە لە ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی بدات سەرجەمیان دادەمەزرێن.
دکتۆر ڕەهێڵ فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم ڕەتیشیکردەوە گۆڕانکارییەکە بەهۆی دەستوەردانی حزبی بوبێت و جەختیکردەوە لەوەی، خۆی ئەو کارەی کردووە و وەزیری تەندروستی ڕەزامەندی لەسەر گۆڕانکارییەکە داوە.