گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پارەی کێشەلەسەر

مام عەلى عەلاگە پارەکەى داوەتەوە بە کێ؟

2021.03.10 - 14:58
App store icon Play store icon Play store icon
مام عەلى عەلاگە پارەکەى داوەتەوە بە کێ؟

ناس کورد-

مام عەلى فەتاح ئەو پیاوەى لە شوباتى ئەمساڵ عەلاگەیەک پارەى لە سلێمانى دۆزییەوە و بابەتەکەی لە هەموو میدیاکان بڵاوکردەوە، دوور لە چاوى میدیاکان پارەکەى داوەتەوە بە خاوەنەکەى، دواى ئەوەى خەڵکێکى زۆر خۆیان کردبووە خاوەنى پارەکە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دۆزینەوەى ئەو پارەیە کە مام عەلى ئەوکات ڕەتیکردەوە بڕەکەى ئاشکرابکات، ئەو پیاوەى خستە دۆخێکى قورسەوە بەتایبەتى کە لە ئێران و ئەوروپاوە سەدان تەلەفۆنى بۆ کراو سەرجەمیان خۆیان بە خاوەنى دەزانى.

 

سەرچاوەیەکى نزیک لە مام عەلى کە نەیویست ناوى بهێنرێت ئەمڕۆ چوارشەممە بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، ئەو پرسە کۆتایی هاتووە و دوو لە چاوى میدیاکان پارەکە دراوەتەوە بە خاوەنى راستەقینەى.

 

ڕوونیشیکردەوە، "پارەکە 11 دەفتەر و 30 وەرەقە بووە، کەسێک کە قاچاخچى بووە سەرجەم ناونیشانەکانى پارەکەى وەک خۆى بە مام عەلى وتووە و ئەویش ڕادەستى کردووەتەوە".

 

ناس کورد پەیوەندى بە مام عەلى یەوە کرد، تەنها ئەوەندەى وت کە ئەو پرسە کۆتایی هاتووە و ئامادەنەبوو هیچ قسەیەکى دیکە بکات.

 

بەوتەى سەرچاوەکە، مام عەلى زۆر هەوڵیداوە پێدانەوەى پارەکە لە راگەیاندنەکانەوە ئاشکرابکات، بەڵام خاوەنى پارەکە رازى نەبووە و تەنانەت "هەڕەشەشى" کردووە ئەگەر بڵاوبکرێتەوە، چونکە "پارەکە کێشەى لەسەر بووە".

 

مام عەلى کە پیشەى کرێکارە و دانیشتوى گەڕەکى کارێزە وشکى شاری سلێمانییە، بەرەبەیانێکى زووى شوباتى 2021 لەکاتێکدا بەڕێوەبوو بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمى بەخاک سپاردنى کەسێکى نزیکى، لەسەر شەقامێکى گشتى عەلاگەیەکى بینى، سەرەتا وایزانى خۆڵ و خاشاکە و ویستى فڕێی بدات، بەڵام کاتێک دەستى لێدا بۆیدەرکەوت پڕە لە پارەى بیانى.  

 

سەرەتا مام عەلى گومانى کردووە پارەکە ساختەبێت، بۆیە پارەکەى بردووەتە هەولێر و لەوێ پشکنینى بۆ کردووە و دەرکەوتووە کە ساختە نییە، بۆیە لاى کەسێکى متمانەپێکراوى خۆى داینا، تا دواتر دایەوە بە خاوەنەکەى.

 

مام عەلى پێشتر بە "ناس کورد" ى راگەیاندبوو، 182 پەیوەندى تەلەفۆنى لەناوخۆى هەرێم، ئێران و ناوچە جیاجیاکانى عێراقەوە بۆ مام عەلى کراوە، بەڵام هیچیان خاوەنى راستەقینەى نەبوون.

 

لەناو سەرجەم ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانەدا کە بۆیکراوە، دووانیان سەیرترین بوون بەلاى مام عەلییەوە، کە یەکێکیان وتویەتى پارەکە هیچ سلێمان هەڵشۆییە، ئەو پیاوەى چەند مانگێکە لە دەڤەرى پشدەر خراوەتە زیندانەوە لەسەر بردنى پارەیەکى زۆرى خەڵک.  

  

"یەکێک لە رانییەوە تەلەفۆنى کرد و ئیحتیمالە هی سلێمان هەڵشۆیی بێت و لەوێ فڕێدرابێت، منیش وتم بڕۆن سلێمان بدۆزنەوە و بابێت بڕەکەى بڵێت کە فڕێم داوە، یەکێکیان وتى من شەو هاتونەتە سەرم لە هەولێر رامکردووە و پارەکەم لەسنورى هەولێر فڕێداوە، منیش وتم تۆ باسى چی دەکەى کاکە من لە سلێمانى دۆزیومەتەوە"، مام عەلى بە پێکەنینەوە وایوت.