گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’فشار هەیە’’

زانیاری نوێ لەبارەی پێدانی تابلۆ بەو ئۆتۆمبێلانەی خوار مۆدێلن

2021.03.10 - 13:26
App store icon Play store icon Play store icon
زانیاری نوێ لەبارەی پێدانی تابلۆ بەو ئۆتۆمبێلانەی خوار مۆدێلن

ناس کورد-
سێ پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکەن، فشارێکی زۆر هەیە لەسەر ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ تاوەکو ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە خوار مۆدێلن و بە قاچاخ هێنراونەتە هەرێمی کوردستان ژمارەیان پێبدرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاشنا عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەونیدا لەگەڵ عەلی حەمە ساڵح و دابان محەمەد کە "ناس کورد" بینەری بوو (10ی ئازاری 2021) ڕایگەیاند، "پێشتر چەندینجار هۆشداریمانداوە لە هێنانی ئەو جۆرە ئۆتۆمبیلانەی بە نایاسایی و بە قاچاخ دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان، ئێستا لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان بڵاوبوونەتەوە و ژمارەیەکیان لە گەراجەکان ڕاگیراون و هەڵگیراون بۆ ئەو کاتەی کە ژمارەیان پێدەدرێت."

 

دەشڵێت، "هەوڵ هەیە ژمارەیان پێبدرێت و فشار لەسەر ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزارەتی ناخۆ هەیەو ئەوەش بە بیانوی ئەوەی لە بەرژەوەندنی خەڵکی فەقیر و کەمدەرامەتدایە، بەڵام بە پێچەوانەوەیە لە هێنانی ئەم ئۆتۆمبێلانە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار قازانج کرا لە لایەن چەند بەرپرس و کەسێکی دەستڕۆشتوو وە بە ژمارەکردنیشیان دەیان ملیۆن دۆلاری دیکە قازانج دەکەن."

 

باسی لەوەشکرد، ئەگەر ئەو ئۆتۆمبێلانە ژمارە بکرێن وەزارەتی ناوخۆ پێچەوانەی بڕیارەکانی خۆی کاردەکات و جگە لەوەش ژمارەکردنی شەرعیەتدانە بەکاری قاچاخچێتی و درێژەی دەبێت و هێنانی ئەم ئۆتۆمبێلانەش بێگومان زیانی گەورەی گەیاندووە بەکاری یاسایی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلەکان.

 

ئاشنا عەبدوڵا ئەوەشی وت، "پێداگری هەندێک بەرپرسی حزبی و حکومی ئەو گومانە تۆخ دەکاتەوە کە ئەو بەرپرسانە دەستیان تێکەڵبووە لەم جۆرە بازرگانییە قاچاخە".

 

لەلایەکی دیکەوە عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە میانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا وتی، "ژمارەیەکی زۆری ئەو ئۆتۆمبێلانە لە مەرزی باشماخەوە هێنراوەنەتە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی دیکەشیان لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، بەڵام قسە لەسەر ئەوەیە بە پێدانی ژمارە بەو ئۆتۆمبێلانە شەرعیەتدانا بەکاری قاچاخ و هۆکارێک دەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوو هاوردەکردنی یاسایی نەمێنێت، چونکە هیچ گومرکێکی ناکەوێتە سەر".

 

ئاشکراشیکرد، ئەو ئۆتۆمبێلە گران بەهایانەی هاوردەکراون ئەگەر ئێستا 10 ملیۆن دۆلار قازانجیان کردبێت ژمارەیەکیان هەڵگیراون بۆ کاتی پێدانی، ژمارە بەوەش قازانجەکەیان دەبێتە دووهێندە و ئەوەش تەنها لە بەرژوەندی کەسانی دەستڕۆشتووە، بەپێی ئەو زانیارییانەش بە ئێمە دراوە ژمارەیەک لەو ئۆتۆمبێلانە لە ئێستادا بەشێوەیەکی نایاسایی ژمارەیان پێدراوە.

 

بەڕێوەبەرایەتی  گشتی ھاتووچۆی ھەرێم  (4ى ئازارى 2021) لە نوسراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاگادارى خاوەنى ئۆتۆمبێلە خوار مۆدێلەکان واتا خوار مۆدیلی ( 2019 - 2020- 2021)  دەکات سەردانى بەڕێوەبەرایەتییەکانى هاتووچۆ بکەن بۆ پڕکردنەوەى فۆڕمێکى تایبەت بە کۆکردنەوەى زانیارى و ئامار.