گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

لێدوانێکی نوێ لە پاپاوە.. بینینی سیستانی پەیامێک بوو بۆ ئێرانییەکان؟

2021.03.10 - 09:58
App store icon Play store icon Play store icon
لێدوانێکی نوێ لە پاپاوە.. بینینی سیستانی پەیامێک بوو بۆ ئێرانییەکان؟

ناس کورد-

پاپاى ڤاتیکان دواى سەردانەکەى بۆ عێراق لە وەڵامی پرسیارێک کە ئایا کۆبوونەوەى لەگەڵ سیستانی پەیامێکە بۆ ئێرانییەکان دەڵێت، تەنها بۆ پتەوکردنی برایەتییە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێى ڕاپۆرتێکى نیویۆرک تایمز کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە (10 ى ئادارى 2021)، پاپا لە گەڕانەوەیدا بۆ ڤاتیکان لە وەڵامى ڕۆژنامەنوساندا ڕایگەیاندووە، سەردانەکەى بۆ پتەوکردنى پەیوەندى نێوان ئاینەکان بووە نەک پەیامێک بۆ مەرجەعە شیعە توندڕەوەکانى ئێران.

 

پاپا لە وەسفى سیستانیدا کە لە سەردانەکەیدا دیدارێکى کورتى لەگەڵدا ئەنجامدا لە نەجەف وتوویەتى، پیاوێکى ئاینى پێی وتووە بۆماوەى 10 ساڵە سیستانى خەڵکانێکى زۆر کەم دەبینێت و پیاوێکى حەکیم و مەزن و پیاوى خودایە.

 

پاپا دیدارەکەى لەگەڵ سیستانیدا بەدیدارێکى باشى ڕۆحیى وەسف کردووە.

 

پاپا سەردانەکەى بۆ نەجەف هەنگاوى دووەم وەسفکردووە بۆ پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان کەنیسەکانى کاسۆلیکى و دونیاى ئیسلامیى.

 

لە وەڵامى ئەوەى کۆبونەوەکەى لەگەڵ سیستانیدا پەیامێک بووە بۆ مەرجەعە شیعە توندەکانى ئێران بەتایبەتى خامنەیى، پاپا فرانسیس ڕایگەیاندووە، کۆبونەوەکە تەنها بۆ پتەوکردنى برایەتى نێوان ئاینەکان بووە کە ئەوەش پەیامێکى گەردوونییە.

 

رۆژی هەینی رابردوو، 5ی ئازاری2021، پاپا فرەنسیس، پاپای کڵێسای کاسۆلیکی بە سەردانێک گەیشتە عێراق و داوای دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆمار و سەرۆکوەزیران، سەردانی شاری نەجەفی کرد و لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعەكان، عەلی سیستانی کۆبووەوه‌ و دواتر سەردانی شاری میێژوویی ئوری کرد لە پارێزگای زیقار و دیدارێکی ئایینی ئەنجامدا.  

  

پاشان سەردانی شاری هەولێری کرد و دوای دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی، چووە شاری مووسڵ و پاشان چووە شارۆچکەی قەرەقۆش و لە کڵێسای تاهیرە گوتارێکی پێشکەش کرد.  

  me_ga.php?id=2836

ئێوارەی هەمان رۆژ گەڕایەوە هەولێر و لە یاریگای نێودەوڵەتیی فرانسۆ هەریری بە بەشداری بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و کۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە رێوڕەسمێکی ئایینی مەسیحی کرد کە بەبەشداریی زیاتر لە 10 هەزار کەس بەڕێوەچوو.  

  

دوای تەواوبوونی رێورەسمەکە، پاپا فرەنسیس لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕایەوە بەغدا و بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە بەغداوە گەڕایەوە رۆما.  

 

لەبارەى سەردانەکەى بۆ عێراق، پۆل گالاگر وەزیرى دەرەوەى ڤاتیکان ڕایگەیاندووە، کێشەکانى عێراق لەماوەى شەو ڕۆژێکدا چارەسەر نابن و ئەو سەردانەش بەشدارییەکى گەورەیە و سەرکەوتووش بووە بۆ ئەوەى هەندێک بەربەست لاببرێن و هەروەها پەیامێکى بەهێزیش بووە.