ناس کورد-
بەهۆى هەڵسوکەوتى شەڕەنگێزانە و مەترسیدار، کۆشکى سپى ئەمریکا ناچار بوون دوو سەگەکەى خێزانى جۆ بایدن سەرۆکى ئەمریکا لە کۆشکى سپى ببنە دەرەوە و بیاننێرنەوە بۆ ماڵى خێزانى بایدن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
تۆڕى هەواڵیی سی ئێن ئێنی ئەمریکى (9ى ئازارى 2021) لە زارى چەند سەرچاوەیەکەوە لە کۆشکى سپى بڵاویکردوەتەوە، دوو سەگەکەى جۆ بایدن سەرۆکى ئەمریکا کە ناویان "شامب" و "میجۆر"ە لە کۆشکى سپى براونەتە دەرەوە.
ڕوونیشکراوەتەوە، ئەوەش دواى ئەوەى میجۆر هەڵسوکەوتى شەڕەنگێزانەى نواندووە، سەگەکان براونەتەوە ماڵى جۆ بایدن لە شارى "ویڵمنگتۆن" لە ولایەتى "دیلاوێر".
سەبارەت بە هەڵسوکەوتەکانى سەگەکە تۆڕەکە ئاشکرایکردوە، میجۆر کە تەمەنى سێ ساڵە و بچوکەکەیانە و جۆرى "جێرمان شیفێرد"ە گازى لە یەکێک لە ئەفسەرەکانى کۆشکى سپى گرتووە، هەروەها پەلامارى کارمەندانى کۆشکى سپى داوە و بەردەوام وەڕیوە.
لەکاتى هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردن، دوو سەگەکەى بایدنیش بەشێک بوون لە هەڵمەتەکە و لۆگۆى هەڵمەتەکەى بایدنیان لەبەر دەکرا، تەنانەت بەهۆى ئەوەى دۆناڵد ترامپ سەگى نەبوو ئەوەیان کردبوە خاڵێکى لاوازى و دروشمى "تەنانەت سەگیشى نییە"یان بەکاردەهێنا، ئەوەش وەک پیشاندانى ئەوەى کە هەست و سۆزى نییە.