گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەى دارایی چوار رێگرى بەردەم پەسەندکردنى بودجەى ئاشکراکرد

2021.03.07 - 18:53
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەى دارایی چوار رێگرى بەردەم پەسەندکردنى بودجەى ئاشکراکرد

ناس کورد-

 

لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق چوار رێگرى سەرەکى بەردەم پەسەندکردنى پڕۆژەى بودجەى ئاشکراکرد کە یەکێکیان پەیوەندى بە هەرێمەوە هەیە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەحمەد سەفار بڕیاردەرى لیژنەکە ئەمڕۆ یەکشەممە لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى فەرمى عێراق کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوەکردووە، دەنگدان بە بودجە چوار رێگرى لەبەردەمدایە، یەکەمیان پەیوەستە بە نەبوونى تەوافوقى سیاسی، دوەمیش پشکى پارێزگاکانە.

 

وتیشى رێگرى سێیەم پەیوەستە بە پلە وەزیفییەکان، چوارەمیش پەیوەستە بە پشکى هەرێمى کوردستانەوە.

 

ئەحمەد سەفار باسى لەوەشکرد، ئەو دەنگۆیانەى باس لەوەدەکەن لە پڕۆژەکەدا ماددەى پەیوەست بە سەپاندنى باج لەسەر موچە دانراوە ناڕاستە و لیژنەى دارایی ئەو ماددەیەى لابردووە.

 

هەفتەى رابردوو سەرۆکایەتى پەرلەمان و کوتلە سیاسییەکان ڕێککەوتن لەسەر پێدانى دوا مۆڵەت بە لایەنە ناکۆکەکان لەسەر پڕۆژەى بودجە، ئەگەرنا بە زۆرینە تێدەپەڕێنرێت.  

 

یونادم کەنا سەرۆکى کوتلەى رافیدەین لە پەرلەمانى عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەى "مەدا" ى عێراقى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە رایگەیاندووە، لەکۆبوونەوەى دوێنێى سەرۆکایەتى پەرلەمان و سەرۆکى کوتلەکاندا باس لەسێ پرس کراوە، لەنێویاندا پرۆژەکانى بودجە و دادگاى فیدراڵى.  

  

وتیشى بەشداربووانى کۆبوونەوەکە رێککەوتن لەسەر پێدانى هەلێکى دیکە تا کۆتایی هەفتەى داهاتوو، بۆ ئەوەى لایەنە ناکۆکەکان لەسەر هەندێ ماددەى پڕۆژەى بودجە کێشەکانى نێوانیان چارەسەر بکەن، بەپێچەوانەوە پەرلەمان ناچار دەبێت بە زۆرینە نەک تەوافوق پڕۆژەکە تێپەڕێنێت.  

 

بەوتەى یونادم کەنا، لەکۆبوونەوەکەدا هەروەها ڕێککەوتن کراوە کە لەگەڵ خستنەڕووى پڕۆژەى بودجە بۆ دەنگدان لەسەرى، پرۆژە یاساى دادگاى فیدراڵیش دەنگى لەسەر بدرێت.  

 

لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق سەرەتاى ئەم مانگە رادەستکردنى پڕۆژەى بودجەى بە سەرۆکایەتى پەرلەمان راگەیاند، دواى تەواوبوونى سەرجەم ماددەکانى، بەڵام هێشتا دیار نییە کەى دەنگى لەسەر دەدرێت.  

 

رادەستکردنى پڕۆژەکە لەکاتێکدایە، هێشتا رێککەوتنى کۆتایی نەکراوە لەسەر ماددەکانى پەیوەست بە پشکى هەرێم لە بودجە و دۆسیەى هەناردەکردنى نەوت.