گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پاپای ڤاتیکان گەیشتە هەولێر

2021.03.07 - 08:21
App store icon Play store icon Play store icon
پاپای ڤاتیکان گەیشتە هەولێر

ناس کورد-

پاپا فرانسیس، ڕابەری کاسۆلیکەکانی جیھان لە سێیەم ڕۆژی سەردانەکەیدا بۆ عێراق گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی هەرێم پێوازی لێ کرا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە فڕۆکەخانەکەی هەولێر، هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا، جێگرانی سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگیری، مونا قاوەچی، سکرتێری پەرلەمان و وەزیرانی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون.

 

لە فڕۆکەخانەدا خەڵکانێک بە جلی هەموو نەتەوەکانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان لەوانەش جلی کوردی، تورکمانی، عەرەبی، سریانی، کلد و ئاشووری بە بەدەستەوە گرتنی چڵەداری زەیتون وەک ئاماژەیەک بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان لە چاوەڕوانی پێشوازی لە پاپادا بوون.

 

لە ڕێوڕەسمی پێشوازیکردندا هەروەها نوێنەرانی ئایینە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانیش لە فڕۆکەخانەکەدا ئامادەی پێشوازیکردن بوون.

 

نزیک بە 700 رۆژنامەنووس رووماڵی سەردانی پاپا بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن.

 

ڕابەری کاسۆلیکەکانی جیھان، پاپا فرەنسیس لە سێیەمی سەردانەکەی بۆ عێراق، سەردانی شاری ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان و شارۆچکەی قەرەقۆش باشووری رۆژھەڵاتی شاری مووسڵ دەکات.

 

پاپا فرەنسیس دوای دیدار و کۆبوونەوەکانی لە ھەولێر بەرەو شاری موسڵ بەرێدەکەوێت و لەوێ نوێژ بۆ قوربانیانی جەنگ ئەنجام دەدات.

 

دواتر دەچێتە شارۆچکەی قەرەقۆش باشووری رۆژھەڵاتی شاری موسڵ و سەردانی کڵێسای تاھیرەی گەورە و لەوێ گوتاری قەداسەتیی ئەنجیلۆسی باوک پێشکەش دەکات.

 

دواتر دووبارە دەگەڕێتەوە شاری ھەولێر و لە یاریگای فرانسۆ ھەریری بەشداری لە رێوڕەسمی نزای ئێوارەی یەکشەممە دەکات و دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەکە دووبارە دەگەڕێتەوە بەغدا.

 

بەمەیش کارنامەی سەردانەکەی پاپا فرەنسیس بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و سبەی دووشەممە رێوڕەسمی ماڵئاوای لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ ساز دەکرێت و دەگەڕێتەوە ڤاتیکان.